پوختەی سەرنج و زانیاریی و وەڵامەکان لەبارەی سەرژمێرییەوە



*هاوڕێ تۆفیق:

1: ماوەی ڕۆژانی سەرژمێری(١٥) پانزە ڕۆژە، نەک (٢)دوو رۆژ.
بەروارەکانی ٢٠ و ٢١ ی ئەم مانگە کە کراون بە پشووی رەسمی و قەدەغەی هاتوچۆیە. ئەو دوو ڕۆژە تیمی ژمێرکار، تەنها زانیاری سەرەکی ژمارەی خەڵک و خێزان تۆمار ئەکەن، باقی ١٣ رۆژەکەی تر، تەواوی زانیاری فۆرمی ئەلکترۆنی سەرژمێری تۆمار ئەکەن.

2: ئەو هاوڵاتیانەی لەو دوو رۆژەدا لە کارو خزمەتن و ئێشکگرن وەکو کەرتەکانی پزیشکی و سەربازیی و ئەمنی و میدیایی، ئەو هاوڵاتیانە ئەتوانن کارتی نیشتمانی خۆیان لەلای خێزانەکەنیان بەجێبهێڵێن و بێ دوو دڵی ،تیمی سەرژمێری تۆماریان دەکەن.

3: بۆ ئەوانەی لەو رۆژەدا خۆیان، یان پێکەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان لەدەرەوەی وڵاتن، بەهۆیەکانی گەشتکردن و بازرگانی و چارەسەری پزیشکی ، ئەوانیش بەهەمان شێوە ئەتوانن کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری لەلای ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکەنیان دابنێن، بۆ نمونە لەلای ماڵی خوشک، برا، دایک و باوک، ئەوانیش تۆمار دەکرێن.

4: ئەگەر بەهەر هۆیەک رۆژی سەرژمێری تۆمار نەکرایت، مافی وڵاتنامەت لێ وەرناگیرێتەوە (جنسییە).

5: بۆ ڕەوەندی کوردستانی و عێراقی کە بە دونیادا بڵاو بونەتەوە، ئەوانیش هاوشێوەی ناوەوەی وڵات پاش سێ مانگی تر، لەرێگای کونسوڵخانەکانی عێراق لەدەرەوەی وڵات تۆمار ئەکرێن و هیچ بەدگومانیی و دوو دڵییەکی ناوێت. بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە، بەگوێرەی قانونی دەستەی ئامار ژمارە ٣٢ ی ساڵی ٢٠٢٣ مادەی (١٢) برگەی یەکەم، دەبێت هاوڵاتی عێراقیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات ئەوانیش سەرژمێری بکرێن.

6: بەگوێرەی قانونی دەستەی ئامار ژمارە (٣٢) ی ساڵی ٢٠٢٣ مادەی (١١) پێویستە پاش (١١) ساڵی تر سەرژمێری دانیشتوان بکرێتەوە و بۆهەر (١١) ساڵ جارێک سەرژمێری بکرێت.

7: خەڵکی کەرکوک و ناوچەکانی تری مادەی ١٤٠ پێویستە بگەڕێنەوە بۆ شارەکانی خۆتان، بەگەرانەوەتان گەرەنتی پاراستنی ناسنامەی مێژوویی شارەکەتان دەکەن.

سزاکانی سەرژمێری چین؟

لەرووی قانونیەوە پرۆسەی سەرژمێری بە دوو قانون رێکخراوە، قانونی سەرژمێری دانیشتوان ژمارە (٤٠ )ی ساڵی ٢٠٠٨ و هەموارەکەی لەگەڵ قانونی دەستەی ئاماری عێراق ژمارە (٣٢ )ی ساڵی ٢٠٢٣ ئەمەی دووەمیان قانونێکی زۆر گرنگ و سەرەکیە ، لەو قانونەدا هاوڵاتی پابەندکراوە کە دەبێت بەشداری سەرژمێری بکات و بە پێچەوانەوە سزای قورسی زیندانیکردن و پێبژاردنی دارایی هەیە، سزاکان بەم شێوەیەن؛

1: ئەگەر هاوڵاتی ڕێگریکرد سەرژمێری بکەن،بە گوێرەی یاسای دەستەی ئامار ژمارە(٣٢) ی ساڵی ٢٠٢٣ مادەی (١٨ ) برگەی (چوارەم)، سزا ئەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە (٣) سێ ساڵ زیاتر نەبێت و سزادانی دارایی کە لە (٣) ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (٥) ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

2: ئەگەر هاوڵاتی زانیاری درۆی بە مەبەست پێشکەشکرد، بەگوێرەی هەمان قانون ، پاڵپشت بە مادەی (١٩) برگەی (یەکەم) هاوڵاتی زیندانی ئەکرێت بۆ ماوەیەک کە لە (٧) ساڵ زیاتر نەبێت و لەگەڵیدا سزادانی دارایی کە لە (٥) ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە (١٠) ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.

تێبینی یاسایی:
هەمو هەو قانونانەی کە لە پەرلەمانی عێراقی دەرئەچن ، ئەبێت پەرلەمانی کوردستان بۆ کارپێکردنیان لە هەرێم دەنگی پێ بدات. هەرچەندە لەو ماوەیە پەرلەمان هەڵوەشاتەوە، بەڵام پرۆسەی سەرژمێری گشتگیر و نیشتمانی و فیدراڵییە.

 

* بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق

نێچیرڤان بارزانی گەیشتە قەڵاچوالان
پێت نێچیرڤان بارزانی گەیشتە قەڵاچوالان
وەزیری پلاندانانی عێراق: سەرژمێریی دانیشتوان نەخشەی گەشەسەندنی وڵات دەکێشێت
دوات وەزیری پلاندانانی عێراق: سەرژمێریی دانیشتوان نەخشەی گەشەسەندنی وڵات دەکێشێت
پەیوەنیدر