زانایانی ئیدارەی نیشتیمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوای ئەمریکا، هەندێک لە سەیرترین شتیان ئاشکرا کرد کە تا ئێستا لەژێر ڕووی ئاوەکەدا بینیویانە، لەنێویاندا سێ بوونەوەری نهێنی کە تا ئێستاش سەریان لێ شێواوە.
ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا لە تۆڕی ئێکس چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە ، کە تیایدا “3 جۆر گیانداری نهێنی دەریایی” لەخۆگرتبوو، و دەڵێت“ئۆقیانووسەکەمان لەسەدا ٧٠ی ڕووبەری زەوی دەگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا توانیومانە بەشێکی کەم لە نهێنییەکانی بدۆزینەوە بەتایبەت لە قووڵاییەکاندا”.
ئاماژەی بەوەشداوە، نهێنییەکان زۆرن بۆیە هیچکات تووشی شۆکێک نابین، کاتێک تووشی شتێک دەبین کە تەنانەت زانا بەئەزموونەکانیش سەرلێشێواو دەکات.
وێنەکان لە گەشتەکانی پێشووی کەشتیی ئۆکیانۆس ئێکسپلۆرەرەوە وەرگیراون کە لەلایەن ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا بەڕێوەدەبرێت، کە کەشتییەکی توێژینەوەیە و ئامێری بۆ ڕووپێوی قووڵایی زەریاکان بە ئۆتۆمبێلێکی دوورەوە بەڕێوەدەبات.
وێنەی یەکەم مەرجانی سووری گەشاوەی تێدایە کە “زیندەوەری ڕیشاڵی سەوزی سەیر”ی پێوەیە.
ئەم زیندەوەرە لە سپاگێتی دەچێت، و لە قووڵایی 520 مەتر لە زەریای هێمن دۆزراوەتەوە.
بەگشتی بەهۆی کەمی ڕووناکی لەم قووڵاییەدا هیچ ڕووەکێک نییە، بۆیە تیمی زاناکان پێشبینیان کردووە کە ڕەنگە جۆرێک بێت لە ئیسفەنج، یان ڕەنگە جۆرێک بێت لە پاشماوە کە لەسەر بەردی مەرجانی گیر بووە.
وێنەی دووەم کۆمەڵێک ڕیشاڵی ناسک و گۆشەیی و پەڕدارە، هەموویان لەناو کەڵەکەیەکدان.
لە قوڵایی دوو هەزار و 750 مەتر بە درێژایی زنجیرە گڕکانی فینا ناگو لە زەریای هێمن دۆزرایەوە.
زانایان پێشبینیان کردووە کە ئەوەی دۆزیویانەتەوە ڕەنگە کۆلۆنی “هایدرۆید” یان “بریۆزۆئان” بێت، کە دوو جۆری بێ کڕکڕاگەی دەریاییە.
کۆتا بوونەوەری نهێنی لە ڕاستیدا جیاوازە بەهۆی شێوەکەیەوە، لە کرمێکی سووری گەشاوە دەچێت، لەگەڵ کۆمەڵێک تۆپی سوور کە پێیەوە بەستراوەتەوە.
هەروەها ئەو بوونەوەرە لە زەریای هێمن لە نزیک جۆنستۆن ئەتۆل لە باشووری ڕۆژئاوای هاوای بینراوە.