سەرۆکی یەکێتی بەبۆنەی یادی 240 ساڵەی بونیادنانی شاری سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت” سازش ناکەین و رێگە بە هیچ سیاسەتێکی چەوت و نادروست نادەین بەرامبەر ئەم شارە جێبەجێبکرێت”.
ئەمڕۆ 14ـی تشرینی دووم لەیادی 240 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی، پایتەختی ڕۆشنبیری، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە پەیامەکەیدا هاتووە، ئەمڕۆ بە خۆشەویستییەکی زۆر و دڵێکی پڕ لە هیواوە یادی 240 ساڵەی بونیادنانی شاری سلێمانی دەکەینەوە، یادی شارێك دەکەینەوە کە هەموو رۆژێک شانازییەک بۆ مێژووە زێڕین و درەوشاوەکەی تۆماردەکات و دەگەشێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوانەی لە رابردوودا و بە هەر مەبەستێک دژایەتیی سلێمانییان کردووە و بە هەر هۆکارێک ئەم شارەیان فەرامۆشکردووە، بەداخەوە نە ئاشنای مێژووی شارەکەن و نە دەتوانن لەو رۆحە زیندووە ئازادیخوازەی خەڵکەکەی تێبگەن، ئەوەی ئەمڕۆ سلێمانی و خەڵکەکەی پێویستییانە، ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە، ئەوەی دەبێت پێشکەشی سلێمانی بکرێت پێویستە زۆر لەوە زیاتر بێت کە بە کوردستانی بەخشیووە و دەیبەخشێت.
بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، ئەمڕۆ لە قووڵایی دڵمانەوە دروود و سڵاو بۆ هەموو ئەو کەسایەتییە سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییانە دەنێرین کە بەشێکی گرنگ و کاریگەری مێژووی شارە حەیاتەکە بوون و سلێمانییان کردە سیمبوولی کوردایەتی و دادپەروەری. دەشڵێت، بە پێزانینەوە یادی ئەو نووسەر و هونەرمەندانەمان دەکەینەوە کە مۆرکی رۆشنبیرییان بە شاری شاران بەخشی و سەری رێز بۆ مێژووی هەوڵدان و پڕ لە بەرهەمیان دادەنەوێنین. بێگومان دڵسۆزی و خۆڕاگریی سلێمانییە سەربەرزەکانیش لەیادناکەین کە سەرباری هەموو دۆخە سەخت و دژوارەکان، کە سەرەڕای هەموو سزا سیاسی و جیاکارییەکان، وەک گۆیژە بەپێوە مانەوە.
ڕاستییەکە و حاشای لێناکرێت سلێمانی تاکڕەوی و نادادی ڕەتدەکاتەوە، بیرە ئازاد و رۆشنگەرەکەی نایەوێت تەسلیمی ئیرادەیەکی فەرزکراوبێت و دژی خواستەکانی بوەستێتەوە.
بافڵ تاڵەبانی جەختیشدەکاتەوە، ئێمە کە بەرپرسیارێتیی ژیانی خەڵک و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان لەسەر شانە، سازش ناکەین و رێگە بە هیچ سیاسەتێکی چەوت و نادروست نادەین بەرامبەر ئەم شارە جێبەجێبکرێت، سلێمانی لە رۆحماندایە و وەک چاومان دەیپارێزین.