لەو هەڵبژاردنانەی لە پێنجی تشرینی دووەمدا لە ئەمریکا بەڕێوەچوون، کۆمارییەکان لە دوای ئەنجوومەنی پیران زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیشیان بەدەستهێنا کە باڵەکەی دیکەی کۆنگرێسی وڵاتەکەیە.
بەپێی ئەو داتا نافەرمییانەی ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس بڵاویکردوونەتەوە، کۆمارییەکان ژمارەی کورسییەکانیان لە ئەنجوومەنی پیران گەیاندووەتە ٥٣ کورسی و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بە بەدەستهێنانی ٢١٨ کورسی زۆرینەیان بەدەستهێناوە.
بەم شێوەیەش، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپی کۆماریخواز کێبڕکێی سەرۆکایەتی بردەوە، هاوکات لە هەڵبژاردنەکاندا پارتی کۆمارییەکان زۆرینەی هەردوو باڵەکەی کۆنگرێسیان بەدەستهێنا و سەرکەوتنێکی دیکەی گرنگیان بەدەستهێنا.
بەم ئەنجامانەش ترەمپ لەگەڵ کۆمارییەکاندا کە زۆرینەی کۆنگرێسیان بەدەستهێناوە هەتا هەڵبژاردنەکانی ناوەندی کۆنگرێس کە ٢٠٢٦ بەڕێوەدەچن، بەشێوەیەکی بەهێز خاوەن دەسەڵات دەبن لە بەڕێوەبەردنی وڵاتدا.
لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٦شدا کە ترەمپ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، کۆمارییەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنا.