شاری سلێمانی لە ١٤ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابانەوە ئاوەدانکراوەتەوە. ئیبراھیم پاشای بابان شارەکەی بە ناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە.سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەکە. شێوەزاری سۆرانی لە ناوچەکەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین.
پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥١ و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەکەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر کۆماری عێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە. شاری سلێمانی جگە لەوەی لانکەی ڕۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا.
بەپێی ڕۆژنامەی ژین لە ساڵی ١٩٥٥ پانی ڕووی شاری سلێمانی ٢٠ ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار مەترە و ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە ٦٠ ھەزار کەس و نزیکەی ٧ ھەزار خانووی تیادایە. لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتووە ئەوانیش کانی ئاسکان، گۆیژە، مەڵکەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەکی جوولەکانی جارانیش کە ئێستا خراوەتە سەر گەڕەکی سەرشەقام.
بابانییەکان و سلێمانی
بەر لەوەی بنەماڵەی بابانییەکان بیر لە دروستکردنی شاری سلێمانی بکەنەوە، میرنشینەکەیان لە ناوچەی قەڵاچوالان بوو، لەگەڵ بەرفراوان بوونی میرنشینەکە، جموجوڵی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی شارستانی لە ناوچەکەدا دەستی پێکرد، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باباندا ململانێ و توندوتیژیی لە نێوان فارسەکان و عوسمانییەکاندا ھەبوو، شوێنی جوگرافیای قەڵاچوالانیش لەبەر نزیکی لە سنووری ئێرانەوە، شوێنێک بوو ببوە مەترسی شەڕ و پێکدادانی نێوان لەشکری فارس و عوسمانییەکان بۆیە ھەریەکە لە (نادر شا و سوڵتان مەحموودی یەکەم) لە ھەوڵی ئەوەدا بوون ئیمارەتی بابان بە لای خۆیاندا ڕابکێشن، کێشمەکێشی ناوخۆیش لە نێو بنەماڵەی بابانییەکان و ئیمارەتە کوردییەکاندا بۆ کورسی و دەسەڵات ئەوەندەی دیکە مەترسی لەسەر ناوچەکە دروست کردبوو، ئەمەش وای کرد مەحموود پاشای بابان ساڵی (١٧٨١)ی زایینی بیری لەوە کردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێکی تر، بۆیە سەرای حکوومەتی لە نزیک گوندی مەڵکەندی دروست کرد، دواتر ئیبراھیم پاشای بابان لە ساڵی (١٧٨٣)دا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەکەی گرتە ئەستۆ و دەستیکرد بە دروستکردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی (١٧٨٤)دا لە دروستکردنی شاری سلێمانی کۆتایی ھات، لە ھەمان ساڵدا بابانییەکان پایتەختی ئیمارەتەکەیان گواستەوە سلێمانی.
لە ساڵنامەی (١٩٥٥)ی سلێمانیدا کە لە (ڕۆژنامەی ژین) دا بڵاوکراوەتەوە ھاتووە: ئیبراھیم پاشای بابان خۆی حوکمداری شاری قەڵاچوالان بووە، لەبەر ناخۆشی و تەنگیی شوێنەکە و لە ترسی ھێرشی دوژمن بەتایبەتی لە نادر شای حوکمداری ئێران کە گەلێ جار ویستویەتی ھەڵمەت بەرێتە سەری دەستبەسەری بکات، بە ناچاری شار و شوێنی ھەڵسوڕانی کاروباری وڵاتەکەی گواستەوە ئەم شوێنە کە ئێستا شاری سلێمانییە. بەردەرکی سەرا
میرەکانی بابان لەگەڵ دروستکردنی شاری سلێمانی جێگەیەکیان تەرخان کردووە بۆ بارەگای بەڕێوەبردنی دەسەلاتەکەیان ناسراوە بە سەرا. پێدەچێت بیرکردنەوە لە دروستکردنی ئەم سەرایە لە ئەنجامی ئەوەوە ھاتبێت دوای دامەزراندنی حکوومەتی دەوڵەتی مەلیکنشینی بۆ پێگەی ئیدارەی فەرمانگەکانی لیوای سلێمانی ئەو کاتە ئامادەکرابێت. ئەم سەرایە لە ساڵی ١٩٢٦–١٩٢٨ لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دروست کراوە کە پێکھاتووە لە دوو نھۆم و ٤٣ ژوور، چەندین جار کاری چاکسازیی تیادا کراوە بۆ سوودوەرگرتن لە نیشتەجێبوون و بەڕێوبەرایەتیی فەرمانگەکانی شار. پاشان تەرخان کراوە بۆ پێگەی ئیداریی پۆلیس و قایمقامییەت ئێستا لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی بۆ گەڕانەوەی شێوازە ڕەسەنەکەی نۆژەن کراوەتەوە بۆ مۆزەخانەیەکی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەیی شاری سلێمانی و شانازییەکانی ڕابردووی ئەم شارەی تێدا دەپارێزێت.
بازاڕ و قەیسەرییەکانی شار
ھەندێ کار و پیشە وەک ئاسنگەری، جۆڵایی، موتابچییەتی، چەرخی موو ڕستن، خەڕەک، کارگەچێتی، وەتراقچی، چەخماخسازی، شیرگەری، مسگەری، خومچێتی، زین و کۆپان ھەیە کە ھەر لە زووەوە لە شاری سلێمانیدا کراوە و گرنگییان پێ دراوە.
لە دروستبوونی سلێمانییەوە بەردەرکی سەرا و دەوروبەری ناوەندی شاری سلێمانی بووە، بۆیە دوکان و بازاڕ زیاتر ئەو ناوەی گرتووەتەوە مێجەرسۆن لە گەشتەکەیدا بۆ ناوچەی سلێمانی لە ساڵی ١٩٠٨ باسی خانی عەجەم و خانی غەفوور ئاغا و قەیسەری وەسمان پاشا و قەیسەری نەقیب دەکات، واتە لە پێش ھاتنی مێجەرسۆنەوە ئەم خان و قەیسەرییانە لە سلێمانی ھەبوون، ئێستا تەنیا قەیسەری نەقیب وەک خۆی ماوە بەڵام خان و قەیسەرییەکانی تر نەماون و شوێنەکانیان ئێستا دوکان و بازاڕە، لە دوای ئەمانەوە کە سلێمانی فراوان بووە و شەقامی تیا دروست کراوە لەسەر شەقامە سەرەکییەکان و سەنتەری شار و گەڕەکەکاندا بە سەدەھا دوکان و بازاڕی تیادا دروست کراوە.
چایخانەی شەعب
چایخانەی شەعب چاخانەیەک لە شاری سلێمانییە کە ھەر لە سەرەتاوە مەڵبەندی کۆبوونەوە و حەوانەوەی خوێندەواران، ھونەرمەندان و نووسەران بووە. سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعب ئەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا و وەستا شەریفی چایچی سەرپەرشتی کردووە. عومەر شەریف خاوەنی چایخانەی شەعب لە بارەی سەرەتای دروست بوونی چایخانەی شەعبەوە بەم جۆرە دەڵێت: لە سەرەتادا وەستا شەریفی باوکم چایچی دەستگێڕبووە پاشان بیری لە دانانی چایخانەیەک کردووە و ناوی ناوە چایخانەی شەعب سەبارەت. بەوەی کە بۆ چایخانەکە ناوی شەعبی لێنراوە وەستا عومەر دەڵێت: لە ساڵانی زوودا بیناکە ئوتێلێک بووە ناوی شەعب بووە ھەر بۆیە ئەم ناوەش لە چایخانەکە نرا.
سینەماکانی سلێمانی
لە ڕابردوودا، سلێمانی کۆمەڵێک سینەمای هەبووە لەوانە سینەمای گوێژە (١٩٥٠ کراوەتەوە)، سینەما سیروان (١٩٥٧ کراوەتەوە)، سینەما ڕەشید و سینەما سیروان. ئەم سینەما کۆنانە لە ئێستادا نەماون و لە کار کەوتوون.
سیتی سینەما لە ساڵی ٢٠٠٨ لە شاری سلێمانی دروستکرا، ئەم سینەمایە بووە یەکەم سینەمای مۆدێرن و فرە شاشەی عێراق. لەم سینەمایە نوێترین فیلمەکانی جیھان پەخش دەکرێن کە ئەوانیش فیلمەکانی (بۆکس ئۆفیس)ن کە پێکدێن لە نوێترین ١٠ فیلمی ھۆڵیوود. دوای ئەوەش سینەما سالم وەک دووەم سینەمای شارەکە کرایەوە، تا ئێستا هەردوو سینەماکە لە کارکردن بەردەوامن.
دارە سووتاوەکە
دارەسووتاوەکە بەو گۆڕەپانە دەوترێت کە دەکەوێتە ناوجەرگەی شاری سلێمانی و لە سەرو مزگەوتی گەورەوە دەست پێدەکات تا شەقامی قەنات، جگە لەوەی شوێنی وەستانی پاسی چەند ھێڵێکە لە شارەکەدا و چەندین پیشەوەری ئیشی دەست و کۆنەفرۆشی تێدا کۆبوەتەوە. ھەرچەندە لە ئێستادا بە ھیچ شێوەیەک (دار) لەو مەیدانەدا نافرۆشرێت، بەڵام ھەر بە ناوە کۆنەکەیەوە بەناوبانگە و ناسراوە، تەنانەت لە پێشی پاسەکان نوسراوە (دارە سووتاوەکە).
ھاووڵاتیانی دێرینی شاری سلێمانی لە گێڕانەوەی مێژووی ئەو مەیدانەدا، باس لەوە دەکەن کە ئەو شوێنە دەشتایی بووە و لە ناوجەرگەی شارەوە دوور بووە و دواتر کراوەتە باخ و دوای ئەوە بوە بە مەیدانی فرۆشتنی دار. تا سەرەتای ساڵی شەستەکان دارەسوتاوەکە (دەشت) بوە و ھیچی تێدا نەبووە، دواتر پیاوێک ئەو شوێنەی کردوە بە باخ و لە کارێزی مەجیدبەگەوە ئاوی بۆ دەھێنا تا کۆتایی ساڵی شەستەکان کە باخەکە نەما و کۆمەڵیک دار فرۆش ھاتنە جێگاکە. دارەکان لە شارباژێرەوە بەسەرپشتی ئاژەڵەوە دەھێنران و لە مەیدانەکە بەشێوەی مەزاد دەفرۆشران و ھەر دارێکی بە ١٠ فلس مەزاد دەکرا.