دوێنێ سێشەممە، نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی بەخێوکەرانی پەلەوەر لە سلێمانی و گەرمیان ئاشکرایکرد، قەدەغەکردنی هەناردەکردنی مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ شارەکانی دیکەی عێراق نزیکەی شەش مانگە بەردەوامە، بەهۆیەوە زیاتر لە 80 ملیار دیناری عێراقی زیان بەر خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان کەوتووە.
عەبدوڵڵا گوتیشی، نزیکەی 6 مانگە بەهۆی نەتوانینی هەناردەکردنی مریشکی زیندوو بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، ڕووبەڕووی کێشەیەک بووینەتەوە، ئەمەش ڕێگری دەکات لە توانای ئێمە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانمان و پاراستنی کوالێتییان. ئێمە پەیوەندیمان بە لیژنەی کشتوکاڵەوە کردووە لە پەرلەمانی عێراق، داواش لە حکومەتی عێراق دەکەین ڕێگە بە دابەشکردنی بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بدات لە بازاڕەکانی عێراق بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانە بدۆزرێتەوە”.
عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەدا، هۆکاری سەرەکی پشت ئەم قەیرانە هاوردەکردنی بڕێکی زۆر مریشکی بەستووە، کە هاوردەکردنی مریشکی زیندوو لە هەرێمەوە کەمکردەوە، حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی گرتوەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی مریشک بۆ ناو شارەکانی ناوەند و… باشوور. ئەم بابەتە زیانێکی گەورەی بۆ بەخێوکەرانی پەلەوەر هەیە، بەو پێیەی بڕی بەرهەمی مریشکی زیندوو لە پێویستی بازاڕی ناوخۆیی زیاتر بوو، ئەمەش وایکرد کە شوێنی دەرەکی بۆ بەبازاڕکردن بۆ شارەکانی عێراق دابین بکرێت.
عەبدوڵڵا دووپاتی کردەوە کە کێڵگە پەلەوەرییەکان لە هەرێمدا توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆیان هەیە بۆ مریشک و هێلکە بە ڕێژەیەکی زۆر، تەنانەت ئەو بڕە بەرهەمدەهێنن کە لە پێویستی ناوخۆیی زیاترە، نرخی یەک کیلۆ مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمدا ئەمڕۆ لە نێوان 2500 بۆ 2600 دیناری عێراقیدایە.