وتەبێژی حكومەتی هەرێم هەڵوێستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی مووچەی مانگەكانی 10 و 11 و 12 ئاشكرادەكات و دەڵێت: سودانی جەختیكردۆتەوە لەسەر پابەندبوونی حكومەتەكەی بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و ئەو سێ مووچەیەی ئەمساڵ دەنێردرێت”.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی پارتی ڕایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەربكرێن و جەختیكردەوە، كە حكومەتی عێراق پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق دەبێت و ئەو سێ مووچەی ئەمساڵ دەنێردرێت.
وتیشی، ” لێكتێگەیشتن لە نێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پرسی مووچە هەیە و حكومەتی عێراق هەر تێبینییەكی هەبێت هەرێمی كوردستان چارەسەری دەكات”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و جەختیكردەوە، كە پابەند دەبن بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
لای خۆشیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، پێویستە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ناكۆكی سیاسی دووربخرێتەوە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی.