سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان بە سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت: بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتی دەكرد، خەڵكان هاندا بۆ چوون بۆ دەنگدان، بەڵام ئەنجامەكان جێگەی سەرسوڕمان بوو، هەروەها دەشڵێت: پێشوازی لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەكەین بۆ تەوتینی مووچە.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە 13 / 11 / 2024، مامۆستا عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵا، پێشوازیی كرد لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێڕاقی فیدڕاڵ.
بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، سودانی ئاماژەی بە بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەكە و ڕۆڵی عێراق تێیدا دا، كە عێراق وڵاتێكی كاریگەرە لە ناوچەكەدا. پاشان باسی پلانی كاری حكوومەتەكەی كرد لە خزمەت بە هاوڵاتیانی عێڕاق بە هەرێمی كوردستانیشەوە. ئەوەشی خستەڕوو، كە چاوەڕوانییمان لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی هەبوو لە كارەساتی غــەززە و فەڵەستین ڕۆڵی سەیركەر نەبینن و بۆ ئەوەش پێشنیارمان كرد دەوڵەتانی عەرەبیی و ئیسلامیی كۆببنەوە.
لە بەرامبەردا عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، كە ئەگەرچی ئێمە هیوای زۆرمان هەڵچنی لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارە پاك دەبێ، چونكە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرپەرشتیی دەكات و خەڵكمان هاندا، كە بچنە بەردەم سندوقەكانی دەنگدان و هەموو لایەنە سیاسییەكان ڕۆڵیان هەبوو، ئەوەش وایكرد ڕێژەی دەنگدان بەرزبێتەوە.
وتیشی، ” بەداخەوە كە ئەنجامەكان ئاشكرا بوون، جێگەی سەرسوڕمان بوو كە پێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی ئێمە و خەڵكێكی دیكە بوو، كۆمەڵ تیایدا بە ئامانج گیرابوو. لە بەرامبەردا سكاڵامان پێشكەش كرد و تانەمان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دا و بڕیارمان دا دان بە شەرعیەتی ئەو هەڵبژاردنەدا نەنێین و نوێنەرانمان بەشداری پەرلەمان نەكەن”.
تایبەت بە كێشە و گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدایش، سەرۆكی كۆمەڵ ئاماژەی بەوەكرد، كە هیوادارین ناتەباییەكان چارەسەر بكرێن و،لەسەر حیسابی خەڵكی ڕەش و ڕووتی هەرێمی كوردستان نەبێت و هەر چی بابەتی مووچەشە، ئێمە پێشوازی لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەكەین بۆ تەوتینی مووچە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران خوازیار بوو لە سەرۆكی كۆمەڵ، كە بە بڕیاری بایكۆتی پەرلەماندا بچنەوە و بەشداریی پەرلەمان بكەن. لە بەرامبەردا سەرۆكی كۆمەڵ سوپاسی پێشنیارەكەی بەڕێزیانی كرد و ئاماژەی بەوە كرد، كە كۆمەڵ لەسەر بڕیارەكەی خۆیەتی.