وەزیری بەرگری تورکیا ڕایدەگەیەنێت کە مەترسی هەیە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانییش بەدوورنازانێت.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری تەشەنەکردنی جەنگ لە ناوچەکەدا کرد و ڕایگەیاند، دوو جەنگی جیهانییمان بینیوە کە بە هۆکاری زۆر بچووک دروست بوون، بۆیە سێیەمین جەنگی جیهانییش پێویستی بە ڕووداوێکی گەورە نییە بۆ ئەوەی هەڵبگیرسێت.
وتیشی: “نامانەوێت ئەم جەنگە ڕووبدات، بەڵام دەبێت هەمیشە لە ئامادەباشیدابین”.
وەزیری بەرگری تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکی تایبەت بە ئەگەری هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، لێدوانێکی پێشووی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیای بەبیرهێنایەوە کە داوای یەکخستنی بەرەی ناوخۆیی کردبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ئیسرائیل.
گولەر وتیشی: “ئایا ئەگەر سەرۆکەکەمان شتێکی وا دەڵێت ئەگەر ئەو مەترسییەی نەبینیبێت؟ بێگومان دەکرێت (ئیسرائیل) هێرش بکات”ە سەر تورکیا.