وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، بەشداری فراوانی خەڵکی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لایەنە سیاسییەکانی خستە ژێر بەرپرسیارییەتیەکی گەورە بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتێکی کارا.
سەعدی پیرە، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکدا باسی لەوەکرد: خەڵکی کوردستان بەشداریی فراوانیان لە هەڵبژاردن کرد و لایەنە سیاسییەکانیان خستە ژێر بەرپرسیارییەتیەکی گەورە بۆ پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتێکی کارا بە ئامانجی زیاتر فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و ئایندەیەکی پڕشنگدار بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان.
ئەوەشی خستووەتە روو، ئەم ئەرکە بە پاراستنی یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و هەستکردن بە گیانی بەرپرسیاریەتی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان بەدیدێت، کە زامنی هێنانەکایەی ئایندەیەکی روون و سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئاوەدانییە لە حکومەتی ئایندەدا.