ماوەی 12 ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر مانگی تشرینی دووەم (11) و هێشتا هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی تشرینی یەكەم (10) دیاری نەكراوە و هەرێم و عێراق لە دانوستان و كۆبوونەوە سەبارەت بە لیستی مووچە بەردەوامن و پەرلەمانتارێك دەڵێت: “بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی لەمووچەی خانەنشینان و مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژکراوە، تێبینی دیکە لەسەر لیستی مووچە دروست بووە”، هاوكات مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیش هۆشداری دەدەن، كە ئەگەر مووچەیان بفەوتێ بایكۆت ڕادەگەیەنن.
دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ڕایگەیاندووە، مووچەكانمان تەوتین نەكرێت و هەر مانگێكی مووچە بفەوتێت، دوای كۆرسی یەكەم، بایكۆتی سەرتاسەری ڕادەگەیەنین”.
لای خۆشیانەوە، مامۆستایان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زەنگی بایكۆتی خوێندن لێدەدەن و دەڵێن: “تا كەی مانگێك بریتیبێت لە ٦٠ ڕۆژ؟ تاكەی مانگێك دەوام بكە دوای دوو مانگ مووچەی مانگەكە وەرگریت؟ تاكەی پلە بەرزكردنەوە ناكەنەوە؟”.
هاوكات، نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، “جارێکی دیکەی بنەمای ئینفاقی فیعلی بۆتە گرفت لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆ چەند مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت، چونکە حکومەتی عێراق نەیتوانیوە بودجەی تەواو خەرج بکات، بەڵکو بەگوێرەی بڕی خەرجکراوی بودجە، جارێکی دیکە پشکی هەرێم بەڕێژەی 12.67 خەرجدەکاتەوە، کە لەنێویدا مووچە هەیە، ئەمەش پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵە و ئێمەش ناڕەزاییمان لەسەری هەیە”.
وتیشی: “هەرێمی کوردستان لەبودجەدا پشکی خۆی تایبەت کراوە، بەڵام کێشەکە لەئینفاقی فیعلییە، هەروەها ئەو پارەیەشی لەهەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا زیاترە لەوەی پێشتر خەمڵاندنی بۆ کراوە، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریانەی لە مووچەی خانەنشینان و مامۆستایانی گرێبەست و وانەبێژ کراوە، تێبینی دیکە لەسەر لیستی مووچە دروست بووە، ئەگەرنا ئەو پارەیەی خەرجکراوە کەمترە لەوەی وەک بەشە بودجەی هەرێم دیاریکراوە، هەروەها گرفت لەوەدایە ئەو بەشە پارەیەی بۆ قەرەبووکردنەوەی فەرمانبەران دانراوە، کورتهێنانی هەیە و بەشناکات”.
ئهوهشی وت: “ئێمە پاڵپشت بەبڕیاری دادگای فیدراڵ بەردەوامدەبین لەفشارەکانمان لەسەر وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ئەوەی ناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم ڕانەگیرێتو بەردەوامبێت”.
ماڵپەڕی (بغداد الیوم)ی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، “وەزارەتی دارایی فیدراڵی، لیستی مووچەی گەڕاندۆتەوە بۆ هەرێم بەهۆی بوونی گرفت لە ژمارەی فەرمانبەران و داتا و زانیارییە تایبەتەكانیاندا”.
بەپێی وتەی سەرچاوەكە، “ئەو گرفتانە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی پارەی مووچەن له لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی بڕیاربوو ڕۆژی یەك شەممەی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق یەكەم گوژمەی پارەی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە بڕی 540 ملیار دینار بنێرێت”.
ڕۆژی 3ـی تشرینی دووەمی 2024 وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی لە لایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستانەوە، ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كردووە.
پێشتر بەشێك لە بەرپرسانی كورد لە بەغداد ئاماژەیان بۆ ئەوە كردبوو، كە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی پارەی مووچەی مانگی تشرینی یەكەم لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، تەواونەبوونی پرۆسەی وردبینیكردنە لە لیستی مووچەخۆراندا، دواتر هۆكارەكەیان گەڕاندەوە بۆ نەمانی پارەی پێویست لە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ئەمساڵی عێراق.