فەیسبووک بۆ گەڕاندنەوەی ئەکاونتەکەت کاتێک گرفتێکی تێدا درووستدەبێت، هەنگاوێکی نوی دەگرێتەبەر بۆئەوەی زیاتر دڵنیابێت لە خاوەندارێتی ئەکاونتەکە.
کاتێک باس لە مەترسییەکانی پاراستنی نهێنی دەکرێت لە کەرتە جیاوازەکاندا، بە تایبەتی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا، مێتا هەمیشە لە پێشەنگی هەنگاوەکانیدایە.
سەرەڕای ڕەخنەی زۆر لە سیاسەتە جۆراوجۆرەکانی کۆمپانیاکە لە کەرتی پاراستنی نهێنی، ئێستاش تایبەتمەندییەکی نوێ ئاشکرا دەکات کە یارمەتی ئەو بەکارهێنەرانە دەدات کە ئەکاونتەکانیان لەدەستداوە، بەو پێیەی میکانیزمی ناسینەوەی ڕووخسار بەکاردێت بۆ چوونە ناو ئەکاونتەکانیان .
ئەمە یەکەمجار نییە کە کۆمپانیای مێتا لە خزمەتگوزارییە جیاوازەکانیدا پەنا بۆ تەکنەلۆژیای ناسینەوەی دەموچاو ببات، بەڵام دوای هێرشێک کە سێ ساڵ لەمەوبەر بۆ زۆرینەی ئەکاونتەکانی فەیسبووک کرا میتا تەواو پشتی بەم خزمەتگوزارییە بەست.
دیسان مێتا ئەمجارە ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ مەبەستی هەمەچەشنتر بەکاردەهێنێت، چونکە پشتی پێدەبەستێت بۆ دابینکردنی دەستڕاگەیشتن بەو ئەکاونتانەی کە بەکارهێنەران لەدەستیانداوە، جا بەهۆی لەبیرکردنی وشەی نهێنی، ئیمەیڵ، یان تەنانەت هێرشی ئەلیکترۆنی جۆراوجۆر بێت.
جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕیکلامە ساختەکان کە وێنە و کلیپی کەسایەتییە ناودارەکان بەکاردەهێنن بەبێ ئاگاداری خۆیان، ئەمە جۆرێکە لە ڕیکلام کە لەم دواییانەدا بڵاوبووەتەوە بەهۆی تەکنیکەکانی زیرەکی دەستکردی درووستکەر و ئەو توانا جۆراوجۆر و جیاوازانەی کە پێشکەشی دەکات.
لە بەیاننامەکەی مێتادا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم تایبەتمەندییە نوێیانە هێشتا تاقیکارین، و لە یەک کاتدا بۆ هەموو بەکارهێنەران بەردەستنابێت، بەڵکو وەک تایبەتمەندییەکی ئارەزومەندانە دەردەکەون کە بەکارهێنەران دەتوانن تاقیبکەنەوە، بەڵام تایبەتمەندی پاراستنی کەسایەتییە ناودارەکان ئۆتۆماتیکی دەبێت.
لە حاڵەتی یەکەمدا کە بریتیە لە یارمەتیدانی دەستگەیشتن بە ئەکاونتە داخراوەکان، مێتا داوا لە بەکارهێنەر دەکات وێنەیەک یان ڤیدیۆ کلیپێک باربکات کە وردەکارییەکانی دەموچاوی کەسەکە لە زیاتر لە گۆشەیەکەوە پیشان دەدات دواتر کۆمپانیاکە ئەم کلیپە یان وێنەیە بەراورد دەکات لەگەڵ وێنەکان و ئەو کلیپانەی کە پێشتر لە ئەکاونتەکەدان، جا چ “ فەیسبووک” یان “ئینستاگرام”بێت.
“مێتا” ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو کلیپە یان وێنەیەی کە دەگیرێت دوای دەستگەیشتن بە ئەکاونتەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەسڕدرێتەوە، ئەمەش لە هەنگاوێکدایە بۆ دڵنیاکردنەوەی بەکارهێنەران و هەوڵدان بۆ پاراستن لە دزەکردنی داتاکان یان هێرشی جۆراوجۆر.
سەبارەت بە کەسایەتییە ناودارەکان، هەرچەندە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەچنە ناو بەرنامە نوێیەکەوە، بەڵام کۆمپانیاکە ڕێگەیان پێدەدات ئەگەر ویستیان بچنە دەرەوەی خزمەتگوزارییەکە، ئەم کەسایەتییە ناودارانە پێویستیان بە زیادکردنی هیچ وێنە و کلیپێکی نوێ نابێت.
مێتا مێژوویەکی دوورودرێژ و پڕ کێشەی هەیە لەگەڵ تەکنەلۆجیای ناسینەوەی دەموچاو، دوای ئەوەی کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠١٠ یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستەمەکانی ناسینەوەی دەموچاوی خستە بازاڕەوە، میکانیزمی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە لە ماوەی ڕابردوودا ئەوە بوو هەر کەسێک لە وێنەکەدا دەربکەوێت ناوەکەی دەناسییەوە و سیستەمەکە ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئەوانەش دەنێرێت کە زیاد کراون بۆ وێنەکە.
بێگومان گەڕانەوەی مێتا بۆ ئەم تەکنەلۆژیایە توڕەیی چالاکوانانی مافی مرۆڤی لە سەرانسەری جیهان وروژاند، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی پڕ لە کێشەی کۆمپانیاکە لەگەڵ داتای بەکارهێنەران و ڕووبەڕووی چەندین تەحەددا بووەتەوە.