وەزارەتی دارایی فیدراڵی لیستی مووچەی گەڕاندوتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و هۆكارەكەی بوونی گرفتە لە ژمارەی مووچەخۆران و زانیارییەكانیاندا و بەوەش دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 زیاتر دوادەكەوێت.
ماڵپەڕی “بغداد الیوم“ی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردەوە، “وەزارەتی دارایی فیدراڵی، لیستی مووچەی گەڕاندۆتەوە بۆ هەرێم بەهۆی بوونی گرفت لە ژمارەی فەرمانبەران و داتا و زانیارییە تایبەتەكانیاندا”.
بەپێی وتەی سەرچاوەكە، “ئەو گرفتانە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی پارەی مووچەن له لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەو پێیەی بڕیاربوو ڕۆژی یەك شەممەی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق یەكەم گوژمەی پارەی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە بڕی 540 ملیار دینار بنێرێت”.
ڕۆژی 3ـی تشرینی دووەمی 2024 وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی لە لایەن نوێنەری وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستانەوە، ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كردووە.
پێشتر بەشێك لە بەرپرسانی كورد لە بەغداد ئاماژەیان بۆ ئەوە كردبوو، كە هۆكاری دواكەوتنی ناردنی پارەی مووچەی مانگی تشرینی یەكەم لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، تەواونەبوونی پرۆسەی وردبینیكردنە لە لیستی مووچەخۆراندا، دواتر هۆكارەكەیان گەڕاندەوە بۆ نەمانی پارەی پێویست لە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ئەمساڵی عێراق.