ساڵانە لە مانگی تشرینی یەكەم و تشرینی دووەمدا وەرزی پێگەیشتنی هەنارە لە هەرێم و جووتیاران دەست بە لێکردنەوەی بەرهەمی ئەو ساڵەیان دەكەن، لە ئێستادا جووتیاران و باخەوانان سەرقاڵی لێکردنەوەی بەرهەمی باخە هەنارەكانیانن.
یوسف مەناف باخەوانێكی تەمەن 38 ساڵە و خەڵکی قەزای ئامێدییە، دەڵیت: “بەهۆی هەڵكەوتە و سروشتی ناوچەكەمان و بوونی ئاوێكی سازگار، هەموو جۆڕە بەرهەمێك لە باخەكەمان تامێكی تایبەتی هەیە، گوندی هرۆریش ناوبانگە بە هەنار و تڕێ و سێو، ئێمە لە وەرزی پایز دەست بە لێکردنەوەی هەنار دەكەین، هەندێك جوتیار دەكەنە شەربەت، هەندێكیش لە بازار ساغ دەكەنەوە، ئەم ساڵ بەرهەمەكە باش بوو، ساڵی پار وەرزی زستان بەسەرداهات و نەمانتوانی ڕنینی هەنارەكانمان بكەین”.
بەپێى ئامارى بهڕێوهبهرايهتى گشتیی كشتۆكاڵى پارێزگاى دهۆك ساڵانه نزيكهى سێ هەزار و ٦٠٠ تۆن ههنار له سنوورى پارێزگاى دهۆك بهرههم دێت.
محەمەد بەرواری، خاوەنی یەكێك لە باخە هەنارەكانی گوندی هرۆرە لەناو باخە هەنارەکەیدا باسی لە تایبەتمەندیی ئەم وەرزە کرد بۆ باخەوانان و دەڵێت: “لەكاتی پێگەیشتنی هەنار ئێمەی جوتیار دەست دەكەین بە لێکردنەوەیان و پاشان هەنارە چاكەكان جیا دەكەینەوە بەمەبەستی فرۆشتن دەیانبەین بۆ عەلوەی دهۆك و بەشێكی زۆریشی هەر لە ناو بازاڕەكانی ناوخۆدا دەفرۆشین”.
لە هەرێم زیاتر لە 25 هەزار دۆنم زەویی باخی هەنار هەیە، پارێزگای هەڵەبجە پشكی شێری بەردەكەوێت كە زیاتر لە 10 هەزار دۆنمە، هەر دۆنمێك زەوی دوو تا سێ تۆن هەنار بەرهەمەكەیەتی، دوای هەڵەبجە، هەناری شەقڵاوە و زاخۆ و دهۆك لە باشترین جۆری هەناری هەرێمن.
حەجی عامر، دوكانێكی فرۆشتنی میوەی هەیە، ڕایگەیاند: “هەناری ناوچەی بەرواری لە سنووری قەزای ئامێدی بهبۆنەى تامهكهى بهناوبانگه و خواستی باشى له سەرە بە تایبەتی هەناری تام شیرین، ئەم ساڵ كیلۆی هەنار ئێمە بە 600 دینار تاوەكو 700 دینار دەفرۆشین”.
ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان، وەک پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆیی، لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە تاوەکو ناوەڕاستی مانگی كانوونی یەكەم هاوردەکردنی هەنار قەدەغە دەكات.