لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ “بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ” بەڵێنیدا کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕاستەوخۆ دوای سەرکەوتنیشی ڕاگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ وەک یەکەم کەس پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد و وتی: پیرۆزە گەورەترین گەڕانەوە لە مێژوودا!.
بابەتەکە تەنها لە ناتانیاهۆدا سنووردار نەبوو، وەزیرەکانی حکومەتەکەشی، تەنانەت پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمی سەرکەوتنی ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس خۆشحاڵییان بە گەڕانەوەی ترەمپ بڵاوکردەوە.
لە ڕاپرسییەکدا کە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە، لەسەدا ٦٧ی ئیسرائیلییەکان “دڵخۆشی خۆیان بە سەرکەوتنی ترەمپ” دەربڕیوە.
ئیسرائیلییەکان “هیوادارن ترەمپ کاری گەورە بۆ وڵاتەکەیان بکات، دەڵێن ناوبراو بەڵێنی زۆری داوە، ئەگەر بتوانێت نیوەی ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکات، بەسمانە”.
بەڵام هەندێک دەنگ کە ڕەخنە لە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ دەگرن پێیان وایە گەڕانەوەی ترەمپ “هەواڵێکی خۆش” نییە.
لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ بڕیاری سیاسی مشتومڕاوی دا بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل، دیارترینیان لە ساڵی ٢٠١٧، ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
جگە لەوەش ئیدارەی ترەمپ دان بە سەروەری ئیسرائیلدا دەنێت بەسەر بەرزاییەکانی جۆلان دا کە ئیسرائیل بە شێوەیەکی نایاسایی لە ساڵی 1981دا دەستی بەسەردا گرت.
ترەمپ بە نەخشەرێژی ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام دادەنرێت، کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سودان، کە چاودێران لە دژی فەلەستینییەکان و هەر چارەسەرێک بۆ ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل دەیانبینی .
هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ڕەنگە ترەمپ هۆکار بێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە لە ماوەی خولی دووەمی خۆیدا وەک بەشێک لە بەناو “رێکەوتنی سەدە”.
دوابەدوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ترەمپ ڕەخنەی لە ناتانیاهۆ گرت و بانگەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا بووایە ئەمە ڕووی نەدەدا.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە سەرنجی “گەورەتر”ی ئەمریکا هەیە
شارەزایان پێیان وایە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە سەرنجی زیاتری ئەمەریکا هەیە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، هەرچەندە جگە لە بەڵێنەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و لوبنان، تا ئێستا پەردە لەسەر سیاسەتەکانی ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لانەدراوە.
ترەمپ لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو؛ ئیسرائیل “جەنگی پەیوەندییە گشتییەکان دەدۆڕێت” بەهۆی ئەو وێنانەی لە غەززەوە دێنە دەرەوە، بۆیە داوایکرد “کار بکات بۆ ئەوەی بە خێرایی کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت”.
چاودێران دەڵێن؛ ناتانیاهۆ دڵخۆشە بە گەڕانەوەی ترەمپ، چونکە ” سەبارەت بە پرسی فەڵەستین بە هیچ شێوەیەک فشاری لەسەر ناکات”.
جێگای سەرنجە کە ئیدارەی ئەمریکا لە سەردەمی یەکەم خولی سەرۆکایەتی ترەمپدا ئەو هەڵوێستە نێودەوڵەتییە باوەی ڕەتکردەوە کە دەڵێت نیشتەجێبوونی ئیسرائیل لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان نایاسایین.
پێشهات و چاوەڕوانییەکان سەبارەت بە خولی نوێی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا لەکاتێکدایە، کە ناوەندە تەندرووستییەکان لە غەززە ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە زیاتر لە 43 هەزار کەس کوژراون .
ئیستا چاودێران ترسیان لەوە هەیە کە خەڵکی ئاوارەبووی غەززە نەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە ناوچەکانی باکووری کەرتی غەززە، لە کاتێکدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە زەمینیەکانی خۆی لە دژی بە ئامانجکردنی چەکدارانی حەماس فراوانتر کردووە.
دانیشتووان دەڵێن لەناو شەڕەکاندا لە دۆخێکی ترسناکدا دەژین، کە بەپێی خەمڵاندنەکان 90%ی دانیشتوانی غەززە ئاوارە بوون و هیچ هیوایەکیان نییە سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا.
سەرچاوە؛ DW