بەرپرسێكی تۆماری بایۆمەتری ئاشكرای دەكات، ئەوانەی تۆماری بایۆمەترییان نەكردووە و لەدەرەوەی وڵاتن، دەبێت بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بایۆمەتری بکەن.
ژیار ئەكرەم، سەرپەرشتیاری بنكەكانی تۆماری بایۆمەتریی هەولێر، بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: “ئهو فهرمانبهر و مووچهخۆرانهی ههرێمی كوردستان، كە لەدەرەوەی وڵاتن و لەدوای ساڵی 2016 بایۆمەترییان نەکردووە، دەبێ بێنەوە هەرێمی كوردستان و بایۆمەتری بكەن”.
باسی لەوەشکرد: “ئەگەر بایۆمەترییان كردبێت، ئەوا چارەسەرێك دۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی كۆدی بێهاوتایان بۆ بكرێت، ئەویش لە رێگەی دەموچاو (فەیس)ەوە دەكرێت، لەسەر ئەو فەیسە دەتوانین كۆدی بێهاوتایان بۆ بدۆزینەوە، ئەوەش لە رێگەی وێنە و ڤیدیۆ دەكرێت و كەسەكە لەدەرەوەی وڵاتیش بێت بۆی دەكرێت”.
بەپێی لێدوانی ژیار ئەكرەم، “ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی لەدەرەوەی وڵاتن و بایۆمەترییان نییە، هیچ رێگایەك نییە و دەبێت بگەڕێنەوە و بایۆمەتری بكەن، چونكە لە نوێنەرایەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەدەرەوە ئەو كارە ناكرێت، وەكوو مۆڵەتی بێ مووچە نییە، كە كەسێك ببێتە بریكاریان”.
ژمارەیەكی زۆری فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەهۆی مۆڵەتی بێ مووچە و خوێندن و نەخۆشی لەدەرەوەی وڵاتن، هەروەها بەشێكی خانەنشینانیش لە دەرەوەی وڵاتن و بایۆمەترییان نەكردووە.
ئەو بەرپرسەی تۆماری بایۆمەتری روونی كردەوە: “كۆدی بێهاوتا، کە دەدرێتە فەرمانبەران و مووچەخۆران 13 ژمارەیە، پێشووتر باركۆدێك دەدرایە فەرمانبەران و مووچەخۆران هەشت ژمارە بوو، بەڵام ئێستا كۆدی بێهاوتاشی لەگەڵدایە، كە 13 ژمارەیە، ئەوانەی بایۆمەترییان کردووە، هەردوو ژمارەکەیان هەیە و لە یەکە ژمێریارییەکان ئەوە لە لیستی مووچەدایە”.
بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووربی هەرێمی كوردستان، تا 20ی تشرینی دووەمی 2024، دەرفەت هەیە هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی بە هۆکاری جیاواز لەدەرەوەی وڵاتن، یان لە مۆڵەتی بێ مووچەدان، یان لە مۆڵەتی خوێندندان، دەبێ خۆیان لە بایۆمەتری تۆمار بكەن.