مەبەستیان نییە مووچە بە ئاسانی بگاتە دەستیان



عەبدولواحید محەمەد – مامۆستا

ڕاستییەک هەیە پێویستە وەکو خۆی ئاماژەی پێبدرێت، مامۆستا بە پێی گرێبەستێک لەگەڵ حکومەت، دادەمەزرێت کە پشت بەستە بە یاسای باری شارستانی ژمارە ٢٤ ساڵی١٩٦٠ و هەموارکراوەکانی، بە پێی گرێبەستەکە مامۆستا دەبێت ئەرکە پەروەردەیی و فێرکاریەکە وەکو ئەوەی لە یاسای وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵادا هاتوە ڕایی بکات، لە بەرامبەردا حکومەت دەبێت مووچە و پێدراوەکانی مانگانە و لە کاتی دیاریکراودا بە بێ هێنانەوەی هیچ پاساوێک بدات، بەوە دەقی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەبێت.

بێگومان پاڵنەرێکی زۆرباش دەبێت بۆ پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن و کاریگەریەکی زۆر ئەرێنیشی دەبێت لەسەر کۆمەڵگە و بنیاتنانە ڕاست و دروستەکەی.

ئەوەی جێگەی هەڵوێستەکردنە مامۆستایانی هەرێمی کوردستان، لە دوای ڕاپەڕینەوە چەند جارێک ڕووبەڕووی تەنگژەی بێمووچەیی بوونەتەوە، واتە حکومەتی پابەندی ئەو ڕێککەوتنە نەبووە کە پەیوەسته بە شایسته داراییەکان.

کەڕەتێکیان لە کۆتاییەکانی ١٩٩١و دوای کشانەوەی ئیداراتەکان لەلایەن ڕژێمی دکتاتۆریەوە بۆ ماوەی شەش مانگ، بەڵام بە هەوڵ و دڵسۆزی مامۆستایان دۆخە نەخوازراوەکە تێپەڕێنرا، کەڕەتێکیتر لە سەرەتای ٢٠١٤ەوە، بە داخەوە ئەوەیان بەردەوامە و تەواوی مامۆستایانی خستۆتە دۆخێکی تاقەت پڕوکێن، بەڕادەیەک بێزار و وەڕس بوون، کە هێنانەوەی پاساوی جۆراجۆر هێوریان ناکاتەوە، چونکە لایان مسۆگەرە، زۆرەبەی ئەو هۆکارانەی ئەو دۆخە نەخوازراوەی هێناوەتە ئاراوە خودی حکومەتی هەرێمە، کە خۆیان دەنوێنن، لە ئابووری سەربەخۆ و کۆمەڵێک دروشمی بێکردار و فرۆشتنەوەی کوردایەتی و نیشتمان پەروەری.

ئەوە لە کاتێکدا دەسەڵاتداران، بە خۆیان و نەوە و نەوەی نەوەکانیشیان لە هەموو ناز و نیعمەتێکدا زۆر بە زیادەوە بەهرەمەندن، واتە شەیەکە تەنها لەسەر سەری مامۆستایان شکایتەوە، دیارە ئەوە بۆ کۆی مووچە خۆرانیش هەر ڕاستە.

بە درێژای ئەو یانزە ساڵە کێشەی مووچە بێ پسانەوە هەر بەردەوام بووە و داهێنانی زۆر سەیر و سەمەرەش لەلایەن حکومەتەوە پیادە دەکرێت لەپێناو بەڕێکردنی دۆخەکە کە هەموویان لەسەر حسابی مامۆستایان بە تابیەتی و موچەخۆران بە گشتی بووە.

جارێک پاشەکەوتکردنی زۆرەملێ، ئەوەندەی من شارەزاییم هەبێت، هەرگیز و لە هیچ وڵاتێک بەو شێوەیە نەبووە و نەکراوە، دوای ئەوە لێبڕینیشیان هێنایە سەر.

بۆ خۆم لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی پەروەردەیی بووم، باسی بارودۆخی مامۆستایان و پاشەکەوت و لێبڕین و پێنەدانی مووچەم بۆ کردن، زۆر پێیان سەیر بوو حکومەت ئەو جۆرئەتەی هەبێت، دەست ببات بۆ مووچە و قوتی مامۆستایان، ئەوەشیان وت چۆن دەبێت باجی هەڵەی حکومەت مامۆستایان و مووچەخۆران بیدەن، هەر لەو چوارچێوەیەدا وتیان دیارە پەروەردە و فێرکردن لە لای حکومەتەکەتان ئەولەویەت نییە، بۆیە بڕیاری لەو شێوەیە دەدەن و خۆیان دەدزنەوە لە بەرپرسیایەتەکانیان، ئەکید ئەگەر بە تەنگ پرۆسەیەکی پەروەردەیی باش بن هەرگیز ناچنە ژێر باری یاریکردن بە ژیان و گوزەرانی ئەو توێژە گرنگ و پڕ بەهایە.

بەهەر حاڵ بە هۆی ئەو پڕۆسە بەدناوانە کە لە پێشدا ئاماژەم پێدان، تا ئێستا ٤٤ موچە بە پاشەکەوت و لێبڕینەوە دراوە هەروەها ١٥ موچەش هەر نەدراوە، ئەوەی ترسەکە لەلایەن مامۆستایانەوە غالب کردووە حکومەت هەر باسی ئەو قەرزانە ناکەن، وەک ئەوەی ئەوان ئەو تاوانەیان نەکردبێت، بەڵکو خەڵکانێکیتر لە ئەستێرەیەکیترەوە هاتبن و کردوویانە، ڵاستە جار و بار لە بن لێوان دەڵێن حکومەتی ناوەند دەبێت ئەو ئۆباڵە هەڵگرێت، بێ ئاگا لەوەی بەو بەیت و بالۆرە داپۆشراوەیان مامۆستایان بە تایبەتی و مووچەخۆران بە گشتی قەڵستردەکەن.

لە دوای ئەو هەڵە و پەڵانەی لە دژی مامۆستایان کراوە، خۆشبەختانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە هەوڵی مامۆستایان و دڵسۆزان، چەند بڕیارێک لە بەرژەوەندی گشتی دەرکرا، لەوانە بڕیاری دادگای فیدرالی ژمارە ١١١ لە ٢١/٢/٢٠٢٤ کە تیایدا هاتووە، دەبێت حکومەتی مەرکەزی مانگانە مووچە لە ڕێگەی ئەژماری بانکیەوە بدات، هەروەها پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ ماددە ژمارە ١٢، تەئکیدی لەوە کردۆتەوە کە دەبێت مووچەکان لە کاتی خۆیدا بدرێت و حکومەتی هەرێمیشی پابەند کردووە دەقی ماددە و بڕگەکان وەکو خۆی جێبەجێ بکات.

بەڵام حکومەتی هەرێم هێشتا ئامادەنییە ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکات کە تەواو لە بەرژەوەندی مامۆستایان و مووچەخۆرانە، بۆ نمونە لەلایەک ئامادە نییە بە پێی بڕیاری دادگای باڵا ئەژماری بانکی لە بانکە حکومییەکان بکاتەوە، بە بیانووی ئەوەی خۆی ئەژماری بانکی لە بانکە ئەهلییەکان دەکاتەوە، لە لایەکیتر کە تا ئێستا ئەژماری بانکی نەکراوەتەوە، دەبێت لیستی مووچە مانگانە بنێرنە لای وەزارەتی دارایی حکومەتی ناوەندی.

لە مانگی دووەوە تا ئێستا یەک مانگ بە ڕێکوپێکی نەنێردراوە، هەموو جارێک کێشەی تێدابووە و بۆ چاکردنەوە ڕەوانە کراوەتەوە، ئەوەش کاتێکی زۆری دەوێت، ئینجا وردبینی کردن، ئەویش کاتی خۆی دەوێت، دوای ئەوە بڕیاری خەرجکردن دەدرێت، دیارە ڕەوانکردنەکەش بە چەند گوژمەیەک دەبێت.

بەڕاستی پێدانی مووچە لە هەرێم لە نێوان ئەو هەموو بێنە و نیییەدا ئەوەندە ناخۆش و ناشارستانییە، هیچ جۆرە خۆشی و دڵنەواییەکی بۆ مامۆستایان تێدانییە، لە دواکەوتنیش گەڕێ کە هەموو جارێ دوادەکەوێت، ئەوەتا نزیک دەبینە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم هێشتا مووچەی مانگی تشرینی یەکەم نەدراوە، دیاریش نییە کەی دەدرێت.

ئەمەیە وایکردووە مامۆستایان و فەرمانبەران تەواو نیگەران بن و هەستیش بەوە بکەن کە ئەوە جۆرێکە لە یاریکردن بە کەسایەتی و پێگەیان و مەبەستیان نییە موچە بە ئاسانی بگاتە دەستیان، مەگەر بە مەرجی سوود و قازانجی خۆیان نەبێت، بۆیە دەبێت نهێنی ئەو یاریەی حکومەتی هەرێم ئاشکرابکرێت و سووربن لەسەر کردنەوەی ژمارە حساب لە بانکە حکومییەکان، بەوە ئیتر کێشەکان بە کۆتا دێت و مامۆستایان و مووچەخۆران پشووی جەنگاوەر لە دوای مسۆگەربوونی قوت و ژیانی خۆیان دەدەن.

لە دهۆک زیاتر لە هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێت
پێت لە دهۆک زیاتر لە هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێت
پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و نمە باران دەبارێت
دوات پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە و نمە باران دەبارێت
پەیوەنیدر