سوپای ئەمریکا وەک کاردانەوە بەرامبەر بەئامانجگرتنی کارمەندان و هاوبەشەکانی لە سووریا، بنکە سەربازییەکانی ئێرانی بۆردومان کرد.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا(سێنتکۆم) ڕۆژی سێشەممە 12-11-2024 ڕایگەیاند؛ چەندین گورزی سەربازییان لە دژی گرووپەکانی پەیوەندیدار بە ئێران لە سووریا ئەنجام داوە، وەک کاردانەوەی بە ئامانجکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
بەپێی راگەیەنراوی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سێ ئەندامی لایەنگرانی سەر بە ئێران کوژران و لانیکەم هەشت کەسی دیکەش برینداربوون، لەهێرشێکدا کە بارەگا و خاڵەکانی سوپای پاسداران لە ئەلقوریا و ئەلمەیادین لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی سووریا کرانە ئامانج.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە؛ لە دوو شوێنی پەیوەست بە گروپە ئێرانییەکان لە سووریا، هێرشیان کردووەتە سەر نۆ ئامانج، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ چەند هێرشێک بۆ سەر کارمەندانی ئەمریکی و یاریدەدارانیان لە سووریا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەم لێدانانە توانای گروپەکانی سەر بە ئێران لاواز دەکات بۆ پلاندانان و دەستپێکردنی هێرشەکانی داهاتوویان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان.”
لەمبارەیەوە مایکل کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا وتی: پەیامەکەمان ڕوونە، هێرشکردنە سەر ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ناوچەکە تەحەمول ناکرێت.
ئاشکراشیکردووە؛ ئێمە بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی کارمەندان و هاوبەش و هاوپەیمانانمان و وەڵامدانەوەی هێرشەکان” .