چل چەمە یان هەزار چەمە.. لووتکە سەرکەشەکەی کوردستان



شاخەوانەکان ھەڵاتنی خۆر بەر لە ھەمووان و ئاوابوونی خۆر دوای ھەموو کەس دەبیینن. کێوەکان، کانگای وەدی‌ھاتنی ئاوی شیرینن، پاراستنی ژینگە و حەز بە به‌رپرسییه‌تی لە بەرامبەر سروشت و بوونەوەرەکانی، بەرپرس‌بوونە لە بەرامبەر ژیان و ژیوار.

سروشت و ژینگە بەشێکی گەورە لە سامانی ھەر نەتەوەیەک لەخۆ دەگرێ و ھەستی بەرپرسانەی ھەر نەتەوەیەکە لە بەرامبەر سروشت کە داھاتووی دەستەبەر دەکا و دەیپارێزێ.

ئەگەرچی لەم چەند ساڵەدا سروشت بێ ناز ماوەتەوە و بەفر و باران لە کەمی داوە، مرۆڤ بۆ ویستی خۆی و قازانج و بەرژەوەندی کاتی، خەریکی وێرانکاری سروشت و ئاورتێبەردانی لەوەڕگە و دارستان و لەنێو بردنی ژیواری ئاژەڵە کێوی و باڵندەکانە.

ھەر جارێ لە لایەک ھەوایەکی ناساز دێتە گوێ. جادە لێدان لە شاخ و کێوەکان بێ ڕەچاوکردنی یاساو ڕێسای خۆی، لە نێوبردنی لەوەڕگە و گیاجاڕەکان بۆ زیادکردنی کێڵگە و تاپۆسازی(سەنەدسازی) لەوەڕگە و مەڕتەعی میللی لە لایەن ناحەزان و ھەلپەرستان، ھەموو برینێکن کە ساڕێژ نابنەوە و ھەر جارێ وەسۆ دەێتەوە. یاسا و قانوونێک لە گۆڕێدا نییە کە بەربینگیان پێ بگرێ و دەستی ئەو ھەلپەرستانە کورت کاتەوە. زانایی و فەرھەنگی ژینگەپارێزی بەداخەوە لە قەیران دایە و ئەگەر ھەیە بەدەگمەن لە بەرامبەر ئەو ھەمووە کاولکاریە دەستەوەستانە و چی پێناکرێ. و کاری خۆبەخشانە بۆ ئاوەدانی سروشت و ژینگەپارێزی لە نێو ئێمەدا بەداخەوە کزە. ئەگەر ئاوا بڕۆینە پێش، ئەو وێرانکارییە دەبێتە قەیرانێک کە زۆری پێناچی تەڕ و ویشک پێکەوە دەسووتێن و قازانجی گشتی و کۆمەڵگا “سروشت و ژینگە” بەرەو وێرانی دەڕوا. لەو ھەموو کاولکارییە ماندووین. بۆ حەسانەوەی دڵ و دەرون دەخزێینە باوەشی بەھاری چل‌چەمە، کە ڕایەخی بەرپێی سوورەگوڵ و مێلاق و مەنێیە و بۆ دوندی بەرزی چل‌چەمە چێژوەرگرین و باوی ھەنگاوەکانمان خۆشتر بێ.

لیزگەی شاخەکانی چل‌چەمە بەھۆی ئەوە لە مەڵبەندێک ھەڵکەوتووە کە لە شارە پڕ حەشیمەتەکان دوورە، سروشتی چل‌چەمە ئەو کاولکارییەی تێدا بەدی نەھاتووە کە لە شوێنەکانی دی دەبیندرێ. بەھۆی ئەوەی لە زستاندا لاپاڵ و شیو و دۆڵەکاندا بەفرێکی زۆر لە خۆ دەگرێ، کە ھەتاکوو ھاوین لە بەرامبەر تیشکی بەتین و پڕشنگداری خۆر دەمێنێتەوە و ئاو لەوەڕگە و سروشتی ڕازاوە و بەسەدان جۆر گیا و گۆڵی کێوی دیمەنی تاڤگە و ڕێژاوان لە قەڵپەزەی ئاوی سەر بەردان کە لە گیاجاڕ و چیمەن و بەر بناران ئاژین دەبن و گیا و گژان دەژێننەوە، ھانمان دەدا وەڕێ کەوین لە پەنا سروشت و شاخی چل‌چەمە بە بەژنی لووتکەی شانشین بگیرسێینەوە و سروودی ژیان بخوێنین.

یەکێ لە کێوە بەرزەکانی کوردستان دوای قەندیل و شاھۆ، لە لیزگەی کێوەکانی زاگرۆس زنجیرە کێوی چل‌چەمەیە، کە دوندی “شانشین” بە 3173 گەز بەرزایی سیێەمین کێوی بەرز لە کوردستان دێتە ئەژمار کە ئەوڕۆکە لە پەنا دوندی شانشین لووتکەی “قۆڵی زڵێخا” بە بەرزایی 3198 ميتر، کە بۆتە برا گەورەی شانشین، کە لە 75 کیلۆمیتری ڕۆژاوای باشوری شاری دیواندەرە ھەڵکەوتووە. بە ھۆی گیا و گۆڵی خۆڕسک وەکوو: 1- سۆڵان(پامچال)، 2- کاشمە، 3- لووشە، 4- پسڵ، 5- کۆڵ، 6- سمۆر، 7- ڕێواس، 8- مەنێ، 9- سوورە بنە، 10- گوێنی، 11- کنیواڵ/ کوڕادە، 12- پیچک، 13- بەڕەزا، 14- سنەوبەر، 15- قەیتەران، 16- وەنەوشە، 17- سالمە، 18- شنگ، 19- پنگە، 20- گیاچایی، 21- گۆزروان، 22- سیر، 23- زەرتک، 24- کەنگەر، 25- ھەڵالە، 26- بێژان، 27- شیوه‌ران(خاکشیر) و بەسەدان گیا و گوڵی دیکە وەک کەما و لۆ، کە بەشێکی بۆ دەرمان و دەوای سروشتی کەلکی لێ وەردەگیرێ، وەک مووزەیەکی سروشتی وایە کە دەبێ بە ھەمووان پارێزگاری لێ بکەیین.

ھاتنی ھەوای گەرم و نماوی بەربڵاوی باران‌ھێنەری زەریای “مێدیتڕانە” بەرەو خاکی زێڕین و بەبڕشتی کوردستان، بۆتە ھۆی ئەوە کە کێو و کەژ و دەشت و لاپاڵ و شیو بە گیا و گژ و دار و دەوەن داپۆشرێ، بە گۆڵ و گەون و گەڵا بڕازێتەوە، و زنجیرە کێوەکانی چل‌چەمە بەفری زۆر لەخۆ بگرێ و لە ساڵدا ھەتاکوو 500 میلی‌متر باڕشتی ھەبێ. بەشێک لە گیا و گۆڵی چل‌چەمە کە بۆ دەواو دەرمان کەلکی لێ وەردەگیرێ بریتین لە:

1- چەق چەقە(کاسنی)، 2- کەنێرە(اکلیل کوھی)، 3- سۆ/ گوڵ‌پەڕ(انجدان رومی)، 4- ڕێزەڵە مارانە(تاج ریزی)، 5- کرم کاشور(شقاقل)، 6- پێکوڵ(خارخسک)، 7- قەیتەران(پرسیاوشان)8، – گوڵە بەڕۆنە(افسنتین)، 9- پرسە پیرژنە(بابونە گاوی)، 10-چاوکوتکە(بابونە‌ زرد)، 11- مەزرە(مزرە)، 12- جاترە خاسە(آویشن شیرازی)، 13- بێژان(بومادران)، 14- گۆزروان(گاوزبان)، 15- ڕۆنیاس(روناس)، 16- ھەڵاڵە(اسپیرا)، 17- شلێرە(لالە سرنگون)، 18- گەزگەزە(گزنە)، 19- کەرکۆڵ(شکر تیغال)، 20- لاولاوە مارانە(نیلوفر آبی)، 21- جەگەن (اگیر ترکی)، 22- ھێرو(گل ختمی)، 23- مێکوک(شیرین بیان)، 24- زولفا(بۆ ئاسم باشە)، 25- سالمە(ثعلب گرده)، 26- ئەسپۆن(چوبک)، 27- کووزەڵە(بولاغ اوتی)، 28- سورە‌بنە/ قونسور(سالک)، 29- کاشمە(انجدان سفید)، 30- سرێش/ خوژە(سریش)، 31- وشترخوار(خارشتر)، 32- کیوار(کیفار) 33- کەرتەشی/ سەلکەتەشی، 34- کەرکۆڵ(شکر تیغال)، 35- گۆگەم/ گاومە(گل ماھور)، 36- زریزانە(تلخک)، 36- کارگ(قارچ)، 38- لۆگانە(لو)، 39- ھەلامە(گیایەکە بە بۆنێکی خۆش) و …

چل‌چەمە لە باکورەوە بە دێکۆی زەرینە و تیلەکۆی سەقز، لە باشورەوە بە دێکۆی ساڕاڵ و مەریوان، لە خۆرھەڵاتەوە بە دیواندەرە و زەڕینە و لە خۆرئاواوە بە دێکۆی خوڕخوڕەی سەقز نووساوە. بە ھوی ئەوە کە ناوەندی زنجیرەکێو و کوێستانی بەناوبانگ و زنوێر و بەرز و چڕ و لەوەڕ خۆش و ئاو زۆر و بەدیمەنی “چل‌چەمە” لەم نێوانەدا سەری بەرزی ھەڵێناوە، بە چل‌چەمە یانی چل چۆم، ناونراوە. لەمناوە پێشگری ژمارەی

چل لە پێش ناوی چل‌چەمە بە گوێرەی فەرھەنگی زاراوەی نەتەوەی کورد نیشانەی کەماڵ و تەواوی و شکۆیە. چوار چۆمی گەورەی کە ھەرکام لە دەیان چۆمی بچووک بەدی ھاتوون، لە چل‌چەمەوە سەرچاوە دەگرن و بریتین لە: 1- چۆمی خوڕخوڕە، 2- چۆمی ساحێب لە باشوری چل‌چەمەوە، 3- چۆمی قزڵ‌وەزان لە خۆرھەڵاتییەوە، 4- بەشێک لە چۆمی سیروان کە لە بەر پلەی ساڕاڵ دەچێتە نێو سیروان.

ساڕاڵ لە دو وشەی “سار” و “ئاڵ” پێکهاتووە؛ “سار” یانی وێنە یاکوو سەحرا و دەشت، “ئاڵ” ڕەنگی سووری کاڵ یانی سەحرا و دەشت و کوێستان پڕ لە گوڵ و گیای سور و کاڵ، کە ڕووبەرەکەی 120 ھەزار ھێکتار بووە لە نێوان دیواندەرە و مەریوان کە بەرپلە و سەرپلەی ساڕاڵ لەخۆ دەگری و ئەوڕۆکە ئەو ڕووبەرە وا نەماوە و زۆری کێڵدراوە.

زمان لە ئاست جوانیی چل‌چەمە لاڵە، کاتێ دەچی نازانی لەچی بڕوانی لە گۆڵە سووری ڕێواسەکان، یاکوو لە گۆڵەزەردی سۆڵانەکان، یا لە بسکی گەشی کچی چنوور، یاکوو بۆنی گۆڵە مێلاق و ھەڵاڵەکان!؟ ھەریم یاکوو دێکۆی چل‌چەمە 666 کیلۆمێتری چوار گۆشەیە و دەتوانین بلێین گەورەترین ڕادەی گیا و گوڵی زاگرۆس لە چل‌چەمەدا خەمڵیون کە لە باکوورەوە نووساوە بە دیی “ياپەڵ” و لە باشوورەوە بە دێی “تەورێزخاتون” و مەزرای “قەفڵانداغی”ـیەوە لکاوە. لە خۆرئاواوە پاڵی داوە بە ئاواییەکانی ئاڵيجان و ئاوبارە و لە خۆرھەڵاتەوە بە “عەلیاوا” و “تەورێزخاتون”ـه‌وە لکاوە.

لیزگەی شاخەکانی چل‌چەمە کانگای ئاوە لە زاگرۆسدا کە یەکێ لە چۆمە پڕ ئاوەکانی کوردستان چۆمی خوڕخوڕەیە کە لە چەندین چۆم سەرچاوەی گرتووە و لە لیزگەی کێوەکانی چل‌چەمە پێک‌هاتووە و دەڕژێتە سەر بەنداوی بۆکان و چۆمی جەغەتوو پێک دێنێ. بەنداوی بۆکان لە لایەن شەریکەی گەورەی وڵاتی ئوتریش بەنێوی “ئاپۆر”(APUR) لە ماوەی ساڵەکانی 1350-1347 چێکراوە و تەواوی شارەکانی بۆکان، سەقز، تەورێز و میاندواو … لە ئاوی ئەو بەنداوە کەلک وەردەگرن و تێرئاو دەبن.

 

چۆمە بەھێبەتەکانی چل‌چەمە:

1- چۆمی شاقەڵا، چۆمی ھەنگەلاوێ (کە لە شیوە پڕگوڵ و زنوێرەکانی خۆرھەڵاتی کوێستانی چل‌چەمە و کوێستانەکانی مزگەوت و میرزا، دووبرا، قەڵاتەڕەش، قادرکوژیاوە سەرچاوە دەگرێ و دێی نەرگەسەڵە بەجێ دێلێ و لە نێوان دەرەگاوان و نەرگەسەڵەدا چۆمیلکەی دەرەگاوان کە لە کێوی قەبری دەروێش و ڕووکاری باشوور و خۆرھەڵاتی مزگەوت و میرزا سەرچاوە دەگرێ، تێکەڵاوی دەبێ وە دەڕوا تا نزیکی شاقەڵا)، چۆمی کەلەبا لە کوێستانی کانی میرزا، چۆمی کانی خەسرەو لە کوێستانی بەردەسپی، چۆمی سڵێماناوا (لە کێوی بەردەڕەشە‌وە سەرچاوە دەگرێ، دێتە سەرو ئاوایی‌یەکانی ئاڵیجان، ئاوبارە، عەزیزئاوا بەجێ دێلێ و لە نێوان ئاوایی “بست” و “کەکەوسان”دا دەڕژێتە ناو چۆمی بستەوە، ئینجا لە حاست دێی وزمان بەرەو خۆرئاوا لا دەکاتەوە و بە قەراخی دێکانی “کەکەوسان” و “دەرەویان”ـه وشکەدا، تێدەپەڕێ و لە ژوور دێ مەولاناواوە و چۆمی ئیسحاق‌ئاوا تێکەڵاو دەبێ).

2- چۆمی بست: چۆمی بست سێ قۆڵە و لە کوێستانە‌کانی ھەستێرە ڕەش، سەر قەڵپەزە، کێوی قەڵا، قۆڵی زڵێخا (پێموایە ناوی دایکی شێخ حەسەن مەولاناوا زڵێخا بووە، چون لەم شوێنە نوێژی کردووە و “ڕووگە”ی بۆ دیاری کردووە و بەم جێگەیان کوتووە قۆڵی یانی قیبلەی زڵێخا). شیوی دەلو کە لە ڕابردودا ئاوایی‌یەکی ئاوەدان بووە و شێخ حەسەن مەولاناوا زانا و عارفی گەورە و نووسەری پەرتووکی (الانوار)، لە سال 1073ی کۆچی لە ھەواری “دەلو” لە نێوان لیزگەی کێوەکانی “چل‌چەمە”ی خوڕخوڕە لە ژۆر دێی “بست”ـه‌وە ھاتۆتە دونیا.

کانی چاوڕەش کە لە بەر ئاوزۆری بەناوبانگە، لە داوێن شانشینی چل‌چەمە و زیاتر لە دوو ئاشگێڕ ئاوی ھەیە (پێموایە ئەو کانییە بە نێوی ژنێکی ھەوارنشین نێودێر کراوە). ھەروا لە کێوی کەنیشک‌کوژیاوە سەرچاوە دەگرێ و لە نێوان کەکەوسان و وزمان‌دا تێکەڵاو بە چۆمی شاقەڵا دەبێ (کە پێی دەوترێ دوو ئاوی بست و کەکەوسان).

3- چۆمی خوڕخوڕە: لە زمانی کوردیدا بە دەنگی ئاوێ دەکوترێ کە لە بەرزاییەوە بێتە خوارێ و قەڵپەز بکا، دێی خوڕخوڕەش لە داوێنی باکووری زنجیرەکێوی بەسام و سەرسەوز و بەرزی چل‌چەمە لە نێو دوو کێوی بەرزی ئەم زنجیرەکێوە ھەڵکەوتووە. بە ھۆی بەفر و بارانی زۆری ئەم شوێنە بەتایبەت کاتی بەھاران، لە گشت شیو و دەرە و کەژ و کێو و لاپاڵ و بن بەردان، چاوەکانی ھەڵدەقوڵێن. ئاوان بەلیزمە و خوڕ دێنەخوارێ و ڕێژاو و تاڤگان دروست دەکەن، و ئەم چۆمە کە بێرەدا دێتەخوارێ بە خوڕخوڕە ناودێر کراوە، کە سەرچاوەکەی چل‌چەمەیە و ھەموو دەچنە سەر چۆمی جەغەتوو(زرینەرود). بەپێچەوانەی ئەوەی لە نێوماندا باوە، جەغەتوو وشەیەکی کوردییە نەک تورکی، چون جەغەتاو لە زمانی کوردیدا بریتییە لە ھەر جۆرە شتێکی تراویلکە کە زەڕنووقاوو کەفەڵوکەی کەوتبێتە سەر، وەک لافاوێ کە بە کەف و کوڵەوە ھەستابێ یا وێنەی بەفرێ کە بەھۆی خۆر و گەرمی ھەواوە، توابێتەوە و سەرەکەی کەفی کردبێ. بەم جۆرە شتانە دەگوترێ جەغەتاو، یانێ ئاوی کە بە ھۆی خاکەوە کەفی کردبێ. “جەغ” یانی خاک، “تاوە” یانی ئاوێ کە بە ھۆی توانەوەی بەفر و تەرزە بەدی‌ھاتبێ.

چل‌چەمە وەک بووکی ڕازاوە وایە لە لیزگەی شاخەکانی زاگرۆس کە ناوەند و مەکۆی ئاوە بۆ ژیان و ئاوەدانی و پێک‌ھێنەری چۆمە گەورەکانە کە پڕ لە گۆل و گیایە. ھەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە کە ڕابڕدووکانی ئێمە لە داوێنی زاگرۆسدا ئارامیان گرت، کێوەکان بوون بە حەشارگە و جێگای لەنگەری خاکی پاکی نیشتمان، کە ئاو بۆ ئاوەدانی لە زاگرۆس بوو بە مایە و ھەوێنی ژیان، کە بە دواییدا فەرھەنگ و شارستانییەت لە زاگرۆسدا کەوتە گەشانەوە و بوو بە ھۆی ئەوەی ڕەسەنترین فەرھەنگ لە زاگرۆسدا بگوورێ.

زاگرۆس ناوی لیزگەی کێوێکی بەخێر و بیرە کە لە کێوە کوردنشینەکانی ئارارات تا کەنداوی فارس، لە باکوورەوە بەرەو باشوور بە درێژایی 1600 کیلۆمیتر سەربەرز و بەدیمەن ڕاوەستاوە. لە سەدان زنجیرەکێوی شان‌بەشان(متوازی) بەدی‌ھاتووە. به‌رینایی لە نێوان 300 تا 700 کیلۆمیترە کە ڕووبەری دەبێتە 384 ھەزار کیلومێتری چوارگۆشە. زۆربەی لوتکەی کێوەکانی زیاتر لە 3000 ھەزار گەز بەرزن، و بڵیندترینیان نوچکەی (زەرد کێو)ی بەختیارییە کە 4547 گەز بەرزە.

کێوەکانی زاگرۆس لە دەورانی سییەمی زەویناسی واتە “سنوزوئیک” وەدی‌ھاتوون.

بەشی کاڕستی (تەپە و دەشتی قسڵی بێ بەھرە)ی زۆر تێدا دەبینرێ. بەشی ناوەند و باشووری ئەم کێوانە لە توێ‌توێ ھێڵە پچراوەکانی‌دا زۆر چاڵ‌وچۆڵی بازنەیی(گرکانی) تێدایە.

لە بەرزایی‌یەکانی زاگرۆسدا بەڕوو، مازوار، دارەبەن، قەزوان، بادام، گێوژ، وزم، تەنگز، چاڵووک و… دەبیندرێ. لەمناوە یەکێ لە تایبەتییەکانی زاگرۆس، بوونی دارستانی بەڕووە کە سامانێکی 5700 ھەزار ساڵەیە و ھێمای سەروەری زاگرۆسە و بەشێک لە شاخەکانی کوردستانی پێ ڕازاوەتەوە. داری بەڕوو لە بنەڕەتدا لە مێدیتەڕانەوە بە ھۆی ڕووداوی سروشتی بۆ شاخەکانی زاگرۆس لە کوردستان و ئێران ھاتووە و گوێزراوەتەوە کە پێشینەی تەمەنی لە زاگرۆسدا 5700 ساڵ ھەتا 5800 ساڵە. داری بەڕوو خۆی حەوت بەشە:

1- بەڕوو: دوو بەشە کە بەڕووە خۆشەی پێدەڵێن.

2- داری ویۆڵ: جۆرێک داری بەڕووە، کە بە دوو جۆر دابەش دەبێ.

3- داری مازوار: کە سێ بەشە، کە تەنیا داری مازوار، مازوو دەگرێ.

کە بەری مازوو، دژەئافەت و دژکردەیەکە لە بەرامبەر مێش و مەگەس و بە دەوری گەرای مێش و مەگەس جەغز دەبەستێ و بە دەوریدا دەتەنێ و دەبێتە مازوو. مازووش خۆی نۆ جۆرە: مازوو، گزگل، سیچکە، قژگە، لووتەوانە، ھەمزەبەگی، خڕنۆک، پۆخووگە و بەرەگەڵا.

 

لە ناو دۆڵ و لاپاڵ و ناو بەرد و نوچکەی شاخەکان، مێرگ و گیاجار و چڕگەنی زۆرن.

کاتێ دەبینی کە زەوی‌وزاری سارد و سڕی دوایی زستان، بە تیشکی پڕشنگداری خۆر بوژاوەتەوە. ئەوکاتە بە ھەر لایەکی چل‌چەمەدا دەڕوانی چەمێکی لێ ھەڵدەقوڵێ و خێر و خۆشی لێ دەبارێ. بە ھەر دەرە و شیوەڵێکدا ئاشگێڕێ ئاو دێتەخوار. لەو کاتەدایە دڵ و دەرون یەک دەگرێ کە دووبارە ئاوڕێکی دی لە چل‌چەمە بدەینەوە.

ھەر چەند لە سەر چل‌چەمە چەند وتارم نووسیوە، بەڵام کاتێ ئەو نادیارانەی کە نەمدیون بە چاوی وردبینەوە لێی بڕوانم، بۆم تازە دەبێتەوە هانم دەدا بە پێنووسی دەستم بیان‌خەمە سەر کاغەز و بۆ بەرەی ئەوڕۆ و داھاتوو ببێتە سەبەب بۆ پاراستنی ئەو سامانە نەتەوایەتییە. شاخەکان ھێمان، پێناسەن، نمادی ئەم سامانەیە بۆمان ماوەتەوە. لە بوونی کێوی بەھه‌یبەت و ژینگەی ڕازاوەیە مرۆڤ ھێدی و ھێمنە، بە ڕاھاتن و فێرکاری بیپارێزین.

لیزگەی کێوەکانی چل‌چەمە بەربڵاو و بەدەیان دوند و کێوی بەرز لەخۆ دەگرێ: وەک شانشین(چل‌چەمە)، داڵاش، دووبرا، سوڵتان، ئەفراسیاو، کانی میران، ھەزار مێرگ، مزگەوت و میرزا، کەڵ‌کوژ و قۆڵی زڵێخا، کێوی ساتیار(نێوی شایێکی مادیش بووه).

کێوی شانشین(چل‌چەمە) بۆ خۆی چەند یاڵی بەربڵاو لەخۆ دەگرێ کە بریتین: کەلەبا، یاڵ ملەکەوە، یاڵی قوڵی زلێخا، یاڵ گاوەلان، یاڵ بەردە قیبلە، یال شانشین، یاڵ کاڵ‌کاڵی، یاڵ دلۆ و یاڵ ئەستیرە ڕەش.

بەربڵاوی لیزگەی شاخەکانی چل‌چەمە ھۆکارێکە کە ورد لێی بڕوانین، شاخەوانی لەو نێوەدا ئەزموونێکی ترە.

 

کێوەکانی چل‌چەمە:

1- کێوی مزگه‌وت‌ومیرزا: یه‌کێ له لوتکه‌کانی چل‌چەمە له پشت ئاوایی نەرگسەڵه هه‌ڵکه‌وتووه، له لایەکه‌وە به ئاوایی کۆڵ و له لایەکی ترەوه به ئاوایی دۆزەخدەڕه نووساوه.

2- کێوی هه‌نگه‌لانه: یه‌کێکی تره له جه‌له کێوەکانی چل‌چەمە که له لایەکه‌وە که‌وتۆته پشتی ئاوایی کانی میران که جیرانی کێوی سوڵتانە و له لایەکی ترەوه جیرانی کێوی سوڵتان ئاغزەتووه.

3- کێوی بەردی مەلا خدر: یه‌کێکی تره له کێوەکانی جه‌له کێوی چل‌چەمە که جیرانی ئاوایی گوڵچێهره.

4- کێوی هه‌زار مێرگ: یه‌کێکی تره له جه‌له کێوەکانی چل‌چەمە که له لایەکه‌وە به ئاوایی هه‌وارەگه‌‌رمه و له لایەکی ترەوه بۆ لای شانشینه‌وەیه.

5- کێوی میران: یه‌کێکی تره له جه‌له کێوەکانی چل‌چەمە که له لایەکه‌وە نووساوه به ئاوایی ڕێژاوی و جیرانی کێوی دووبرایه و کێوی دووبرا خۆی یه‌کێکه له لووتکه به‌رزەکانی چل‌چەمە.

6- کونه شەم شەم: بڵیندایی 3100 میتر سەر به ناوچەی مەریوانه که له لایەکەوە نووساوه بە ئاوای تۆراختەپه که وشەی تۆراخ له زبانی تورکیدا به مانای گڵه و لەلایەکی ترەوه جیرانی ئاوایی سۆڵەیه.

7- کێوی باشورتی: مەنشووره به هەڵەجار جیرانی ئاوایی ئاگجەیه، ئاگجەش سەر به ناوچەی مەریوانه.

8- کێوی هەڵه کۆکان: یەکێکی تره له جله کێوەکانی چل‌چەمه که لە لایەکەوە به ئاوایی رێواسه و له لایەکی ترەوه به ئاوایی کانی‌کەوەوە نووساوه.

9- کێوی سەر سێڵاو: یەکێکه له لووتکەبەرزەکانی جەله کێوی چل‌چەمه که جیرانی کێوی کاک نعمەته.

10- کێوی کاک نعمەت: یەکێکه له کێوەکانی چل‌چەمه که نووساوه به ئاوایی ئیسحاق‌ئاوا.

11- کێوی مارەسوور: یەکێکه له کێوەکانی چل‌چەمه که له نێوان ئاوایی ئیسحاق‌ئاوا و کاک نعمەت دایه (گۆیا ماری سووری زۆر لێیه).

12- کێوی قۆڵی قاورمێ: مەنشووره به کێوی پشت‌دەربەند که لە لایەکەوە بەکێوی تاڵه و له لایەکی ترەوه به ئاوایی دەرەدزان نووساوه و له لایەکی ترەوه جیرانی ئاوایی قزڵ‌وڵاغە.

13- کێوی بەردەسپی: هەمان کێوی پشت دەربەندە.

14- کێوی‌ کانی‌تاڵه و بێشکاوی: به ئاوایی قزڵ بڵاغ و ئاوایی شاقەڵا له ناوچەی دیواندەره نووساوه له درێژایی کێوی دەربەند و بەردەسپی دایه.

15- کێوی دەرەتەنگ: له مابەینی کیواراوی و پشت دەربەند هەڵکەوتووه.

16- کێوی دەربەند: هەڵکەوتووه له پشت ئاوایی شاقەڵاوە و له درێژایی کێوی پشت دەربەنده.

17- کێوی کەڵ‌کوژ: یەکێکه له لووتکەکانی جەله کێوی چل‌چەمه که به ئاوایی تەوەکەڵان و له لایەکی ترەوه به ئاوایی شەریف‌ئاواوه نووساوه.

18- کێوی گرده قۆڵنگ: نووساوه به ئاوایی دەرەدزان و ئاوایی شاقەڵا که له پشتی کانی شێخ ئەحمەد هەڵکەوتووه.

19- کێوی ناڵه سەخته: که جیرانی دوو ئاوایی دەرەدزان و شەریف‌ئاوایه.

20- کێوی باینچو: له کێوی مامۆخەوه وەردەگێڕێ و بەرانبەری ئاوایی باینچویه.

21- کێوی داڵاش: یەکێکه له جەله کێوەکانی چل‌چەمه که به سەر ئاوایی قزڵ‌بڵاغ و دۆزەخدەڕەدا زاڵه.

22- کێوی هەزار مێرو: له لای یاڵی کەل‌با و یاڵی چل‌چەمه و کێوی دووبرا هەڵکەوتووه.

23- کێوی سوڵتان: یەکێکه له جەلە کێوەکانی چل‌چەمه که له پشت ئاوایی نەرگسەڵه هەڵکەوتووه.

24- کێوی قەجه و کێوی کونەقاژ: که له لەلایەکەوە نووساوه به کێوی سوڵتانەوه و له لایەکی ترەوه به کێوی ئاغزەتووەوه نووساوه.

25- کێوی سوڵتان‌ئاغزەتوو: کێوێکی بڵینده له جەله کێوەکانی چل‌چەمه، به ناوی سەحابەیەکه که له وێکان‌دا کوژراوه و لەو بڵیندایەدا نێژراوه. لە پشت دەرویان و دۆزەخ‌دەرە.

26- کێوی چەشمەی کانیبا: له خوار کێوی سۆڵانه سەختەدایه و له مەڵبەندی ئاوایی تەوەکەڵاندا هەڵکەوتووه، که وا باوه هەر کەسێک لەشی ماسیبا دەهاته سەر ئەو کانییه و ئاوەکەی دەخوارد و خۆی پێ دەشت، چاک دەبووەوه.

27- کێوی میران: که نووساوه به ئاواییەکانی تەوەکەڵان و شاقەڵاوە، که له مەڵبەندی دیواندەرەدا هەڵکەوتووه و جیرانی کانی زێڕینەیه و دەتوانین بڵێن گەورەترین کانگای گیای مزره و پنگه کێوییه.

28- پەپوله هەوار: یەکێکی تره له کێوەکانی چل‌چەمه که هەموو کات پەپووله و باڵندەی چکۆلەی تیدا دەژین.

29- کێوی باشورتی: یەکێکه له جەله کێوەکانی چل‌چەمه که گوڵ و گیای بۆنخۆشی زۆری لێیه و ناوی دیکەی ئەو کێوه گوڵەزەردە و زۆرتری گوڵەکانی ئەو کێوه و هەروەها داوێنی کێوەکه به ڕەنگی زەردن. لە پشت ئاوایی ئیسحاق‌ئاوا هەڵکەوتووە.

30- کێوی سۆڵانه سەخته: ناوچەیەکی سەخت و دژواره که گوڵی سۆڵانی زۆره.

31- کێوی گاوەلان: لان یانی هێلانه، خانوو و گاوه گیایەکه که له قەدیمدا بۆ سوتاندنی سوختی تەنوور و کوورەی ناوماڵ کەڵکیان لێ وەردەگرت.

32- کێوی قەبرە دۆمه: له مابەینی کێوی سوڵتان ئاغزەتووه و کێوی دووبرادا هەڵکەوتووه و یەکێکه له لووتکه بەرزەکانی چل‌چەمه. له سەر ئەو کێوه قەبری دۆمێک هەیه که ئەو کێوەش بەو ناوەوه مەنشووره.

33- کێوی گوڵەوشار: که له بەینی ئاواییەکانی گوڵچێهر و سۆفی بدە دایەدا هەڵکەوتووه.

34- کێوی بەرد مەلاخدر: ناوی یەکێکه له لووتکه بەرزەکانی کێوی چل‌چەمه که جێگەی ڕاوی کەسێک بووه به ناوی مەڵاخدر.

35-کێوی قادرکوژراو: لە پشت کێوی دووبرا هەڵکەوتووە و دەڕوانێتە ئاوایی ئاگجە و گۆگجە.

زنجیرەکێوەکانی چل‌چەمە وەک قەڵایەکی قایم وان کە سەرچاوەی چۆمانن و بە ھۆی لەخۆگرتنی ڕندووە بەفرەکان لە کوردستاندا، کانگای ئاو دێتە ئەژمار و ھەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە لەنگەری خاکی پاکی کوردستان بووە و ناسین و پێداگەڕانی ئەرکی سەرشانی ھەموو مروڤێکی دڵسۆزە کە بۆ ناسین و پاراستنی ئەو مووزە سروشتییە کۆتایی نەکەین.

پێویستە وەبیر بێنمەوە کە لە چل‌چەمە چەندین ھەواری مێژوویی ھەبووە کە لە گەرمێن و کوێستان ھاتوون و لەوەڕگەی مەڕ و ماڵاتییان بووە و لەمناوە ھەواری قوڵینگ ئەحمەد خدر، ھەواری مکائیلە کوێرە، ھەواری کانی چاوڕەش، ھەواری جەمین، ھەواری کانی زلێخا لە ھەوارە مەنشوورەکانی چل‌چەمەن.

خەڵک – مێهر

ئەمریکا هێرشی کردە سەر  ٩ ئامانجی ئێران لە سووریا
پێت ئەمریکا هێرشی کردە سەر  ٩ ئامانجی ئێران لە سووریا
کرۆکی پڕۆسەی سیاسیی چیەتی حوکمڕانی کوردستانە
دوات کرۆکی پڕۆسەی سیاسیی چیەتی حوکمڕانی کوردستانە
پەیوەنیدر