ستران عەبدوڵا – ئەندامی مەکتەب سیاسی یەکێتی
بابەتەكە مەتەڵ نییە، هەر وا كوردە نامووسە و خۆ سەغڵەتكردنی پێش و دوای هەڵبژاردن نییە، بابەتەكە ئایندەی پڕۆسەی سیاسیی كوردستان و لە ناویشیاندا جەرگ و هەناوی ئەم پڕۆسەیە، حكومڕانی كوردستان (بە پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكانی تایبەت بە دەسەڵاتی قەزائیشەوە) جێیەكی سەرەكی دەگرن.
لەهەموو وڵاتەکانی دونیا کە تەنگژە دەبێت دەستەبژێرەکەی مێشک دەگوشێ و بیر لە ڕێگەچارە و دەرفەتەکانی دەربازبوون دەکانەوە،پڕۆسەی سیاسیی لە کوردستان قەت لەم پرسە بەدەر نییە و شازی ناو قاعیدە نییە.
لەم ڕۆژانە سەر وتارێکی بەرپرسانەم لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز خوێندەوە، کە داڕێژەرەکەی لەسەر دونیای سەرۆکایەتی ترامپ قسەدەکات و بەرپرسیارێتی هەر دامەزراوە و نێوەندێکی حەریفی ئەمەریکا لەم خولی سەرۆکایەتی دووەمی ترامپ هەڵدەسەنگێنێت.
کاری ئەم وتارە ئانە پانەی سیاسیی نییە لە نێوان دوو ڕکابەری دیموکراسیی هەڵبژاردنی ئەمەریکا کە داخۆ کامیان خاس و کامیان نە خاسە، ئەوە ئیشی شرۆڤەکارانی معلانە کە ماشەڵلا لە وڵاتی ئێمەش کەم نین، ئیشی براگماتی سیاسیی ئەوەیە لەگەڵ سەرۆک ترامپ هەڵبکرێت، بەڵام کاری ئەم وتارە ئاماژەدانە بە قوڵی بیرکردنەوەی نووسەری سەروتاری جێی باس، کە نیویۆرک تایمز ڕوونە لە کام سەنگەری دژەوە هەڵسەنگاندن دەکات.
نووسەر ئەرک دەخاتە سەر کۆنگرێس و سەناتی داهاتوو، ئەرک دەخاتە سەر چەپکە یاسا تۆکمە و پتەوەکەی دەستووری ئەمەریکا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و زنجیرەیەک ڕێوشوێن کە ڕێگە لە تاکڕەوی سەرۆکایەتی دەگرێت لە وڵاتێکدا کەس تانەی وای نییە لەسەر تەزویر و گز و فیزی دەنگدان.
بەڵام سەروتار ئەرکی تری جێی سەرنجیش دەخاتە سەرباری ئەرکەکان دەڵێت، ئەی وەزیر و گەورە فەرمانبەرانی تیمی کۆمارییەکان کە چاوەرێ دەکرێت پۆست و پایەتان پێ بسپێردرێت، ئێوەش بێ ئەرک نین و شانی خۆتان لە بەرپرسیارێتی مۆڕالی خاڵی مەکەنەوە، ڕاستە ئێوە تیمی دڵخوازی ترامپن بەڵام مەعلوم تیمی گەورەیی ئەمریکاشن، تیای بن بەڵام لە بێ قانونی و پێشێلی پێوەرەکانی بەها سەرەکییەکانی ئەمریکا پێکدێنن بەقسەی مەکەن و ڕێی لێ بگرن، ڕێی ڕاستی پێ نیشان بدەن.
ئێمە نازانین لە کوێ گرێی سیاسەتی ئەمریکا لەدەستەوە کەوتۆتە دەم و چۆنی ڕایی دەکەن، بەڵام هەقمانە بپرسین لە کوردستان کە پێشێلی یاسا و تاکڕەوی حوکمڕانی وا زەق و بەرچاوە کە تەنانەت بووە بابەتی هەڵبژاردن و خیتابی حزبێکی گەورەی وەکو یەکێتیی، دەی داخۆ دەبێت ئەولەویەت چی بێت؟
بەپەلە پێکهاتنی حکومەت و کاستی وەزارەت و نووسینگەکانی وەک بڵێی هیچ نەقەوماوە یان گفتوگۆی شێنەیی و بە جەوهەری کۆی پڕۆسەی سیاسی وڵات؟
بەلای یەکێتییەوە ڕێچکەی ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی و کامڵکردنی هیلالی هاوسەنگی هێز بابەتێکی زۆر زۆر جددین، جدیتر لە قات و بۆینباغ کڕین بۆ کابینە، ناشێت بەبیانووی جیا جیاوە کابینەی نوێ سواغی کاتی بدرێت و هیچ لەسەر بەرنامەیەکی دەربەستی نیشتمانی و شەراکەتێکی دیموکراتی و قانونمەند نەگوترێت، هیچ ویستێکی جەنتلمانی لەسەر ئەولەویەتی پەرلەمانێکی تۆکمە و سەنگەربەندی فراکسێۆنەکانی لە ئارادە نەبێت.
ئەوە هەڵبژاردن تەواو و خەریتەی سیاسیش بە هەموو تێبینییە ڕەواکانی لەسەری هەیە، ئیتر وا هەیە، بەڵام ئایا پرۆسەکە لەم بێ مووچەیی و بێ چارەسەرییەدا هەروا بە پاداشتکردنی کەموکوڕییەکانەوە دەڕوا و ئیتر بەردێکی دەخرێتە سەری؟
یان سیاسەتی نیشتمانی و دەربەستی حەریفانە لە هەموو هێزە دەربەستەکانی وڵات دەخوازێت یاداشتی گرێبەندی میللیی هەبێت کە ببێتە ڕێنوێنی سیاسەتی داهاتووی کوردستان و هەمووان لەسەر ئەو ئەرکە دیموکراتی و کوردایەتییە کۆکبن؟ ئەم دۆخە گفتوگۆی شایان و سەنگەربەندی دیموکراتی دەوێت کە خاوەندارێتی لە پرسە کوردستانییەکان بکات، پێش ئەوەی کورسی و کێکی سەرمێز ببنە ئەولەویەت.
ئەمە جەوهەری دۆخی وڵاتەکەمانە پێش ئەوەی بەناوی ژمارەی کابینەکانەوە پەلە پەل بکرێت، تێگەیشتن لە پێداویستی حوکمڕانییەکی دروست و دڵنیاکەرەوە کە میکانیزمی چارەسەری دابین کردبێت.
دەبێ ڕێنوێن بێت ئینجا ئیستحقاق و کورسی و پۆست دەبنە وەرگێری دروستی پڕۆسەی سیاسیی و جێبەجێکەری گرێبەستە میللییەکان، فلتەرەکانی تاکڕەوی لە کوێن و بەربەستەکانی بەردەم چارەی چەوتیی لە حوکمڕانی چۆن لادەبرێن؟
چۆن تیمەکان هەر ناوێکیان هەبێت بە یاسا و تەشریعاتی قووڵ ڕێگە لە پێشێلی مافەکان، داخستنی دوکانەکان لەسەر ڕەنگی سیاسی و بە بارمتەگرتنی هاووڵاتییان لە پایتەخت و گرتنیان بە پسوڵەی کاتی دەگرن؟
لایحەی سیاسەتی دروست لایحەیەکی دوور و درێژە و گەرەکە ئیمزای دڵنیایی لەسەر بکرێت و مەسەلەکە سوعبەت و شتی وا هەڵناگرێت.