وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت: بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی، داشکان لە کرێی خوێندنی خوێندكارانی زانکۆ لە زانکۆ حکومییەکان دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی و ئەو دەسەڵاتەی هەیانە، بڕیاریان داوە داشکان لە کرێی خوێندنی خوێندكارانی زانکۆ بکەن.
ڕاشیگەیاندووە، هەر خانەوادەیەک دوو خوێندكار یان زیاتری هەبێت لە خوێندنی ئێواران و پاڕالێل، بۆ هەریەکەیان بەرێژەی 50% داشکان لە کرێی خوێندنەکەی دەکرێت.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەم داشکاندنە لە بڕی پارەی داواکراو لەدوای داشکاندنی رێژەی 45%ی کرێی خوێندن ئەژمار دەکرێت.
دەشڵێت: ئەو داشکاندنە سەرجەم خوێندكارانی بەرایی و خوێندنی باڵا لە دبلۆم و بەکالۆریۆس و دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکان دەگرێتەوە، بڕیارەکەش بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 جێبەجێ دەکرێت.