بارزانی: سەرکەوتنی هەڵبژاردن پاڵپشتێکی گەورەیە بۆ دامەزراوەکانی هەرێم



سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەشداریی بەرچاوی هاووڵاتیان و بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی هەڵبژاردن پاڵپشتێکی گەورەیە بۆ شەرعیەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازی لە پاتریک دۆریل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق کرد.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا “باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە بارزانی کرد و پێزانینشی بۆ ڕێژەی زۆری بەشداریی هاووڵاتیانی هەرێم لە کەشێکی ئارام و دیموکراسیانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری ڕابردوودا هەبوو”.

لای خۆیشەوە مەسعود بارزانی بەشداریی بەرچاوی هاووڵاتیان و بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی هەڵبژاردنی بە پاڵپشتێکی گەورە بۆ شەرعیەت و دامەزراوەکانی هەرێم لە قەڵەم دا و سوپاسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنەکانیشی کرد بۆ چاودێریکردنی ئەو هەڵبژاردنە.

هەر لەو دیدارەدا هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرا و جەختیش لە پەیوەندیی و دۆستایەتیی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڕەنسا کرایەوە.

لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق سوپاسی سەرۆکی پارتی کرد بۆ بایەخدان و پاڵپشتیکردنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی سەتساڵەی لەدایکبوونی خاتوو دانیال میتێران کە ڕۆژی 12ی تشرینی دووەمی 2024 لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت.

ئاوی شارەزوور پاک بووەتەوە
پێت ئاوی شارەزوور پاک بووەتەوە
ئەفسەرێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
دوات ئەفسەرێک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
پەیوەنیدر