بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی ئاشكرای دەكات، کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی وێنەی ئەو شۆفێرانەش دەگرن، کە مۆبایل بەکاردەهێنن و پشتێنی سەلامەتی نابەستن و دەشڵێت: لە داهاتوویەكی نزیكدا كامێرای تیژڕەوی ڕێگای چەمچەماڵ دەخرێنەكار.
عەمید ئاسۆ محەمەد، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە، ئێستا کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی سەر ڕێگای سلێمانی- چەمچەماڵ کارکردن تێیاندا تەواو بووە و ئامادەن، تەنیا چاوەڕوانی لیژنەیەکن لە وەزارەتی ناوخۆوە سەردانیان بکەن و بخرێنەکار.
ئاماژەی بەوەشکرد، کامێراکان لە ڕێگەی ئەو لیژنەیەی وەزارەتی ناوخۆوە دەخرێنەکار و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێت.
ئاشکراشیکرد، کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی وێنەی ئەو شۆفێرانەش دەگرن، کە مۆبایل بەکاردەهێنن و پشتێنی سەلامەتی نابەستن، بەڵام تا ئێستا هیچ سزایەکیان لەسەر دانەناوە و نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
جەختی لەوەشکردەوە، لە سلێمانی تەنیا لە ڕێگەی مەفرەزەکانەوە لێپێچینەوە دەکەن و سزای ئەو شۆفێرانە دەدەن، کە مۆبایل بەکاردەهێنن و پشتێنی سەلامەتی نابەستن.