ڕاوێژكارێكی وەزارەتی دارایی لە بارەی دابه‌شكردنی مووچه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات



ڕاوێژكارێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بەشداریی بانكی بازرگانیی عێراقی لە پڕۆژەی (هەژماری من)، وه‌ك هه‌مان پڕۆژەی (تەوتین)ی عێراق، بابه‌تێكی تەواو یاساییە. دەشڵێت: “هێواش هێواش لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بەرەو چارەسەری كێشەی مووچە دەچین”.

د. هاوڕێ كەمال، راوێژكار لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە میدیای پارتی راگەیاند: “هاتنی بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) بۆ ناو پڕۆژەی (هەژماری من)، باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی، ئەو پڕۆسەیە پڕۆسەیەكی تەواو یاساییە و پاڵپشتە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، بەتایبەت، دووەم بڕیاری دادگاكە، كە روونكردنەوە بوو لەسەر بڕیاری یەكەمی، كە ئەم پڕۆژەیە تەواو یاساییە و لەژێر چاودێریی و مۆڵەتی بانكی ناوەندیدایە”.

باسی لەوەشکرد، “بەشداریی بانكی بازرگانیی عێراقی لەو پڕۆژەیە، دانپێدانانی حكومەتی فیدراڵییە بۆ پڕۆژەی (هەژماری من)، هەروەها ئەو پڕۆژەیە هاوشێوەی (تەوتین)ی عێراقە، کە هەردووکی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانە، كە كۆمەڵێك بانك تیایدا بەشدارن، لە حكومی و ناحكومی، لە هەرێمی كوردستانیش بەهەمان شێوە بانكی تایبەت و بانكی حكومیی فیدراڵی لەناو پڕۆسەی دابەشكردنی مووچەدان و لە پڕۆژەی (هەژماری من) بەشدار دەبن”.

هاوڕێ كەمال ئەوەشی خستەڕوو: “جارێ تەنیا بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI) بەشدارە و بەهۆی ئەوەی بانكی رەشید و رافیدەین لقیان لە هەرێمی كوردستان نییە، بۆیە ئەوان بەشدار نین”.

ئە راوێژكارەی وەزارەتی دارایی جەختی لەوەكردەوە: “هاتنی بانكێكی حكومەتی فیدراڵ بۆ ناو (هەژماری من)، هەموو ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە، كە دەیانگوت (پڕۆژەكە نایاساییە و خەڵكی هەرێمی كوردستان تووشی كێشە دەكات و مووچەی فەرمانبەران لەمەترسیدایە)، بەپێچەوانەوە، (هەژماری من) بە هەماهەنگیی بانكی ناوەندیی عێراق و حكوومەتی فیدراڵی كراوە و لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی كوردستاندایە”.

باسی لەوەش كرد: “حكومەتی هەرێمی كوردستان پەرۆشی ئەوەیە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە رێكوپێكی بدرێت و سیستەمی بانكی زیاتر پێش بكەوێت و مووچەخۆران سوودمەند بن لە دەستڕاگەیشتن بە قەرز و پێشینەكانی بانك”.

ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2024، بانکی بارزگانیی عێراق (TBI) لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا ڕایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ پرۆژەی (هەژماری من) کردووە، تا لە پرۆژەکەدا بەشدار بن، کە تایبەتە بە پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

رۆژی 7ی11ی 2024، تیمی (هەژماری من) و شاندی تەکنیکیی بانکی (TBI) یەکەمین کۆبوونەوەیان دوابەدوای واژووکردنی گرێبەستەکەیان ئەنجام دا، کە تیایدا لەسەر خێراکردنی تۆماری فەرمانبەران ڕێک کەوتن، گەیاندنەوەی کارتەکان و دانانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

بەپێی رێككەوتنەكە، بانکی بازرگانیی عێراق دوو لقی نوێ لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی دەكاتەوە و دەیان ئامێری ڕاکێشانی پارە لەنێو کابینەکانی (هەژماری من) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر دەكرێـن و 10 هەزار کارتی بانکیی (TBI) دابەش دەكرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر: داوا لە پارتی و یەکێتی دەکەم یەکێکیان ببنە ئۆپۆزسیۆن
پێت هەڤاڵ ئەبوبەکر: داوا لە پارتی و یەکێتی دەکەم یەکێکیان ببنە ئۆپۆزسیۆن
تۆمەتباری کوشتنی هاووڵاتییەکەی کۆیە دەستگیرکرا
دوات تۆمەتباری کوشتنی هاووڵاتییەکەی کۆیە دەستگیرکرا
پەیوەنیدر