سوێد یەكەم بڕیاری دوای ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ ئەردۆغان لە دژی توركیا و بەرژەوەندیی كورد نا
دەوڵەتی سوێد لەسەر زاری سەرۆك وەزیرانییەوە ئەو پەیامەی دایە توركیا كە چی دیكە داواكارییەكانی ئەنقەرە تایبەت بە ڕێككەوتنی چوونی سوێد بۆ ناتۆ جێبەجێناكەن، چونكە ئەنقەرە تادێت داواكانی زیاددەكات، ستۆكهۆڵم یاساكانی خۆی پێشێلناكات بۆ ئەنقەرە، ئەم پێشهاتە گرینگییەكی زۆری بەرژەوەندیی كورد بە تایبەت ڕۆژئاوای كوردستان هەیە، بەرژەوەندییەك پێشتر مەترسی لەسەر دروستببوو.
دەوڵەتانی سوێد و فێنلاند لەگەڵ توركیا ڕێككەوتن بۆ ڕازیبوونی توركیا بە ئەندامبوونی ئەو دوو دەوڵەتە لە هاوپەیمانی ناتۆ، ڕێككەوتنێك لە دژی كورد هەژماردەكرا، بەتایبەت ڕادەستكردنی چالاكانی كورد كە توركیا داوایان دەكات و بەكرداریش چالاكەوانێك لەلایەن سوێدەوە ڕادەستكرایەوە.
ئۆلڤ كریستیرسۆن سەرۆكوەزیرانی سوێد لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چیدیكە ئێمە پابەندی ڕێككەوتنەكەمان لەگەڵ توركیا بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ نابین، داواكارییەكانی توركیا جێبەجێناكەین و پێیانەوە پابەند نابین.
ڕاشیگەیاند، توركیا هەر ڕۆژە، داواكاریێكی نوێی هەیە، بۆیە ئێمە هیچ داواكارییەكی دیكەی توركیا جێبەجێناكەین، داواكارییەكانی پێشووشیان جێبەجێكراون، خۆ ناكرێت یاساكانی خۆمان پێشێلبكەین.
ئەم لێدوانە كاردانەوەیەكی گەورەی سوێدە لە دوای سەردانی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە بۆ توركیا و كۆبوونەوەی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە 7ی 11ی 2022 كە یەكەم سەردانی كاربەدەستێكی باڵای سوێدی بوو بۆ ئەنقەرە لەسەر بانگێشتی ئەردۆغان لە ساڵی 2009وە.
هەردوو سەرۆك كۆماری توركیا و سەرۆك وەزیرانی سوێد لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا دووپاتیانكردەوە لە جێبەجێكرانی ڕێككەوتنی نێوانیان دەربارەی بوونە ئەندامی سوێد لە ناتۆ.
بەپێی زانیارییەكان، ئێستا خاڵی ناكۆكی ئەنقەرە و ستۆكهۆڵم لەسەر لیستی داواكراوانە كه ئەنقەرە داوای ڕادەستكردنەوەیان دەكات، بەڵام سوێد ڕەتیدەكاتەوە.
بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لەنێوان توركیا و سوێددا كراوە چالاكوانێكی كوردی دانیشتووی سوێد ڕادەستی توركیا كرایەوە.
مەحمود تات چالاكوانی كورد لە ساڵی ٢٠١٥ لەشاری دێرسیمی باكووری كوردستان بەتۆمەتی ئەندامبوون لە پەكەكە، سزای شەش ساڵ و ١٠ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراو لە سۆید داوای پەنابەری كرد و لەوێ نیشتەجێبوو، لە ٢٢ی 11 2022 پۆلیسی سوێد دەستگیریكرد و لە 2ی 12ی 2022 بە فڕۆكەیەك بۆ توركیای ناردەوە و ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركرا و دوای لێكۆڵینەوە بۆ زیندان گوازرایەوە.
سوێد و فێنلاند ڕێككەوتنیان لەگەڵ توركیا كردووە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئەنقەرە كە زۆرینەیان پێوەندییان بەكوردەوە هەیە، لەبەرامبەر قایلبوون بە چوونی ئەو دوو وڵاتە بۆ نێو ناتۆ.
لە نوێترین لێدواندا جێنس ستۆڵتنبێرگ سكرتێری گشتیی ناتۆ ڕایگەیاند، ڕەنگە سوێد و فینلاند لە ساڵی 2023ەوە پەیوەندی بە ناتۆوە بكەن، بەڵام لە هەمان كاتدا جەختی كردەوە كە هیچ گەرەنتییەكیان نییە سەبارەت بە ئەو وادەیە.
ستۆڵتنبێرگ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی فڕانس پرێس زیادیكرد كە بابەتەكە پەیوەستە بە پەرلەمانی توركیا و هەنگاریاوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دانوستانمان ئەنجامدا و لە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوودا توركیا و فینلاند و سوێد لەسەر یاداشتێكی هاوبەش ڕێككەوتن.
ناوبراو دەڵێت، فێنلاند و سوێد ڕێزیان لەم ڕێككەوتنە گرت و بە ڕوونی بەڵێنیان دا كە لە درێژخایەندا لەگەڵ توركیا هاوكاری بكەن، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە پڕۆسەی پەیوەستبوون بە یەكەوە كۆتایی پێبهێنرێت و پرۆتۆكۆڵی پەیوەستبوون بە توركیا پەسەند بكرێت.
پێدەچێت جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە بە باشی بەڕێوە نەچێت، وەك سەرۆك وەزیرانی سوێد لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بەرگری و ئاسایش ڕایگەیاند توركیا “داواكارییەكی هەیە كە ناتوانین و نامانەوێت بیكەین”.
ناتۆ هاوپەیمانییەكی سەربازییە كە لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزراوە، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی سۆڤێت لە دوای جەنگی جیهانی دووەم.
لە پەیمانی هاوپەیمانیدا هاتووە كە هەموو وڵاتانی ئەندام (لە ئێستادا ٣٠ وڵات) دەبێت بۆ هاتنی هەر ئەندامێكی نوێ ڕازیبن، بەڵام توركیا دژایەتی خۆی بۆ چوونی سوێد و فێنلاند بۆ نێو هاوپەیمانی ناتۆ ڕاگەیاند بە پاساوی پشتیوانی كورد بەتایبەت ڕۆژئاوای كوردستان.
ڕێككەوتنەكەی سوێد و توركیا كە لەناوخۆی سوێدیش ناڕەزایەتی لەدژی حكومەت دروستكرد، وەك مەترسییەك بۆ كورد لێكدرایەوە بەتایبەت ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئەو پێشهاتانەی ئێستا بە دەستكەوتێك بۆ كورد هەژماردەكرێن.
سوێد یەكێك بووە لە پشتیوانانی سەرەكی كورد بەتایبەت پارتە كوردییەكان لە پێشیانەوە پارتەكانی ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان، سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەكان لە سوێد دەڵێن، ئەم هەنگاوەی ئێستای حكومەتی ئەو وڵاتە، خواستی زۆرینەی گەلی سوێد و ڕایگشتی ئەو وڵاتەیە كە ئەوان دژی توركیا و پشتیوانی لە كورد دەكەن، خوازیاری جێبەجێكردنی داواكارییەكانی ئەنقەرە نین.
دەشڵێن كورد بەتایبەت ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت وەبەرهێنان لەسەر ئەم پێشهاتە بكات و لەبەرژەوەندی خۆی سوودی لێ وەربگرێت، كە كورد بەتایبەت ڕۆژئاوای كوردستان چووەتە ناو ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانەوە.