بەشەخۆراکی هەشتەمی ئەم ساڵ گەیشتووە، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی سلێمانیش ڕایگەیاند، لیست و نووسراویان بۆ هاتووە و لەم یەک دوو رۆژەدا دەست بە دابەشکردنی دەکەن.
کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە “تۆڕی میدیایی خەڵک”ی ڕاگەیاند، “جگە لە رۆنی شل، مادەکانی دیکەی بەشە خۆراک ئامادەن و چاوەڕێین لە بەغداوە فەرمانی دابەشکردن بدرێت و دەست بە دابەشکردن بکەین”.
ئەوەشی زیاد کرد: ماددەکانی ئەم مانگە گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە، ئەوانیش برنج، شەکر، زەیت، نیسک لە بری لەتکە نۆک، بەڵام ئەم مانگە دۆشاوی تەماتەی تیا نییە، چونکە مانگی ڕابردوو بەشی ئەم مانگەش دابەشکرا.
هاوکات دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر ڕایگەیاند: بریکارەکانی دابەشکاری خۆراکیان ئاگادارکردووەتەوە کە لەم هەفتەیدا پارە ببەنە بەڕێوەبەرایەتییەکە، چونکە هەفتەی داهاتوو دابەشکردنی خۆراک دەستپێدەکات.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن، لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس بەشەخۆراک وەردەگرن، لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن.