وەزیری دارایی و ئابووریی ئێران ڕایگەیاند، پرۆژەی رێکخستنەوەی کاری کۆڵبەریی لەلایەن حکومەتەوە پەسەند کراوە و لە چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا لەماوەی پێنج ساڵدا قۆناغ بە قۆناغ گومرگ لە کۆڵبەران وەردەگیرێت.
عەبدولناسر هیمەتی، وەزیری دارایی و ئابووری ئێران باسی لەوەشکرد: حکومەت پرۆژەیەکی پەسەند کردووە، کە بەگوێرەی ئەو پرۆژەیە، هاوردەکردنی کاڵا لەلایەن کۆڵبەرانەوە دەخرێتە سەر سیستمی گومرگیی ئێران.
وەک هیمەتی ئاماژەی پێداوە، پارێزگاری ناوچە سنوورییەکان بەرپرس دەبن لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە و لە سەرەتادا گومرگێکی زۆر کەم لە کۆڵبەرەکان وەردەگیرێت و دواتر زیاد دەکرێت.
بەگوێرەی راپۆرتی کۆڵبەر نیوز، لەماوەی 13 ساڵی رابردوو تا کۆتایی هاوینی ئەمساڵ، لە سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراقدا 717 کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 834 کۆڵبەری دیکەش برینداربوون.