بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: پیلانێكی زۆر گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان هەبووك كە ئەم هەڵبژاردنە كێشەی تێبكەوێت، یاخود سێ چوار مقەس بە دڵی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بدەن.
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، پیلانێكی زۆر گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان هەبوو، كە ئەم هەڵبژاردنە كێشەی تێبكەوێت، یاخود سێ چوار مقەس بە دڵی خۆیان لە هەرێمی كوردستان بدەن.
وتیشی: “بە دیدی من، جەماوەرەكە بە جۆش و خرۆشەوە وەڵامی ئەوانی دایەوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەستێكی نیشتمانپەروەرانە لەنێو خەڵكی كوردستان بە تەواوی پێكهاتەكانەوە وەڵامی ئەو پیلانەیان دایەوە بە دەنگدانیان لە هەڵبژاردن شكستیان بە پیلانەكە هێنا.
جەختیشی كردەوە، دەبێت بەزووترین كات پەرلەمان پێكبهێنرێت، چونكە هەرێمی كوردستان بێ دامەزراوەی یاسادانانە.
سەبارەت بەو لایەنانەی ناچنە پەرلەمان وتی، “ئەوانە پێچەوانەی بڕیاری دەنگدەرانیان هەڵسوكەوت دەكەن” و وتیشی، “لە پێكهێنانی حكومەتدا هەر لایەنێك بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن پشكی بەردەكەوێت”.