بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێك بگاتە هەرێمی كوردستان و سەرەتاش دەچێتە هەولێر.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقیەكان، محەمەد شیاع سودانی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و جگە لە بەرپرسانی حكومەت بەرپرسانی حزبیش دەبینێت، لەوانەش سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی لەگەڵ هەریەك لە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی.
بەپێی زانیارییەكان، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانی سودانی لە هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداد.
هاوكات لە سەردانەكەدا سودانی و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان تاوتوێی پرسی مووچە و سەرژمێری و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و كێشەی زەوی و زاری جوتیارانی كورد لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەكەن.