میدیای پارتی ڕایگەیاند شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی مانگی 10 لە بەغدایە.
میدیای سەر بە پارتی بڵاویکردەوە، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی لیستی مووچەی مانگی 10 لە دوێنێوە گەڕاوەتەوە بەغدا.
بەپێی هەواڵی میدیاکە، سەرچاوەیەکی ئاگادار پێی ڕاگەیاندوون، ماوەی دوو ڕۆژە شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدایە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە “ئامانجی سەردانەکەی شاندەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی چارەکردنی کێشەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (10)ـی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی کوردستانە.”
ئەمە لەکاتێکدایە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا داوایکردبوو بەغدا سەرجەم مووچەی مووچەخۆران ڕەوانە بکات، چونکە ئەو تێبینیانەی هەبوون لە لیستی مووچەدا هەموویان چارەسەر کراون.