ئەو خێوەتانەی لەلایەن لایەنگرانی سەرۆكی پێشووی بەڕازیلەوە دامەزرێنرابوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لابران.
لە بەرازیل ١٢٠٠ لایەنگری سەرۆكی پێشووی بەڕازیل، جایر بۆڵسۆنارۆ، كە دوای ئەوەی لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا پۆستی سەرۆكایەتی وڵاتەكەی بردەوە، لە بەردەم بارەگاكانی سوپادا خێوەتیان هەڵدابوو، دەستگیركران.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە رۆژنامەكانی وڵاتەكەدا بڵاوكراونەتەوە، هەزار و ٢٠٠ لایەنگری بۆڵسۆنارۆ دوای سەركەوتنی لولا لە هەڵبژاردنەكاندا لەبەردەم بارەگاكانی سوپادا خێوەتیان هەڵدابوو، بێ دەستوەردانی پۆلیس خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كرد.
دەستگیركراوەكان بەمەبەستی لێپرسینەوە لەگەڵیاندا، گەیەندرانە بنكەكانی پۆلیس.
دوای ئەوەی خۆپیشاندەران ناوچەكەیان جێهێشت، خێوەتەكان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هەڵگیران.
دادوەری دادگای باڵا، ئەلێكساندەر دی مۆرایێس، لە لێدوانێكدا هۆشداریی دابوو لەوەی ئەگەر بێت و ئەو خێوەتانەی لەبەردەم بارەگاكانیی سوپا دانراون جارێكی دیكە دابنرێنەوە، ئەو بەرپرسانەی سوپا كە رێگەیان بەو كارە داوە، دەدرێنە دادگا.
بەرپرسی ئاسایشی فیدراڵی، ریكاردۆ كاپێڵی، ئاشكرایكرد خێوەتەكان بێ ئەوەی هێز بەكاربهێنرێت، چۆڵكراون و رایگەیاند: “رێگە نادەین هیچ كارێكی دژی سەروەری یاسا و دیموكراسی بەردەوامبن”.
هاوكات سەرۆكی بەڕازیل، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا سەردانی هەریەك لە كۆشكی سەرۆكایەتی، پەرلەمان و دادگای باڵای فیدراڵی كرد بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لەو وێرانكارییەی كە دوێنێ بەهۆی لایەنگرانی بۆڵسۆنارۆوە روویداوە.
هەریەك لە باڵەخانەكانی كۆشكی سەرۆكایەتی، پەرلەمان و دادگای باڵا زیانێكی زۆریان بەركەوتووە و بەشێك لە كەلوپەلەكانیشیان تێكشكێندراون.