هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن و ئەمڕۆش ١٧ جار هێرشی کردە سەر چیایەکی ئامێدی.
ئەمشەو کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسكی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی “سی پی تی”ی ئەمریکی ڕایگەیاند، ماوەی ١٠ ڕۆژە ڕووبەڕوبوونەوەی سەخت لە نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و سەربازانی سوپای تورکیا لە بەشێک لە گوندەکانی بەری گارێ و ناوچەی نهێلێ و گوندی سیدان لە نزیک ڕووباری باسیا لە قەزای ئامێدی هەیە.
ڕوونیشیکردەوە کە لە کاتژمێر ١١:٤٨ خولەکی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆشدا، هێزی ئاسمانی تورکیا، بە سێ هێلیکۆپتەری سەربازی، ١٧ جار هێرشیان کردە سەر چیای مام ڕەشا و بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕانەوە.
تا ئێستا دەیان هاووڵاتی بە هۆی ئەو هێرشانەوە بوونەتە قوربانی کە تورکیا بە بیانووی بوونی بارەگاکانی پەکەکە دەیانکاتە سەر هەرێمی کوردستان و سوپای ئەو وڵاتەش دەستی بەسەر دەیان کیلۆمەتری سنووری هەردوو پارێزگەی هەولێر و دهۆکدا گرتووە.