قۆناغی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستپێدەکات و لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک تیروپشک بۆ 30 هەزار پارچە زەوی دیکە دەکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی لە زاری سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بڵاویکردەوە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوییان خێرا کردووە، بەشێوەیەک ڕۆژانە لە 08:30 خولەکی بەیانییەوە تاوەکو کاتژمێر 09:00ی شەو فایلەکان ڕێک دەخرێن و ئێستا وردبینی و پێداچوونەوە بە فۆرمی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی، دارایی، ناوخۆ، پەروەردە، خوێندنی باڵا و چەند وەزارەتێکی دیکە دەکرێت.
ڕوونیشکردەوە کە قۆناغی دووەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لەم ڕۆژانە دەستپێدەکات، لەمەدوا هەرجارەو تیروپشک بۆ دەیان هەزار ناو دەکرێت و چیتر تیروپشک کردن بۆ هەزار و دوو هەزار و سێ هەزار ناو نامێنێت.
سەربەست مەولود ئەوەشی خستەڕوو کە لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا بەلایەنی کەمەوە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک تیروپشک بۆ 30 هەزار ناو دەکرێت، واتە هەر پارێزگایەک 10 هەزار کەس.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانیدا هاتووە، سەرەتا بڕیار بوو زەوی بە نزیکەی 200 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین بدرێت، بەڵام نزیکەی 400 هەزار کەس فۆرمیان پڕکردووەتەوە، لەو ژمارەیە نزیکەی 350 هەزار کەس مەرج و ڕێنماییەکان دەیانگرێتەوە. سەربەست مەولود دڵنیایی دا لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەتوانرێت پارچە زەوی زیاتر ئامادە بکرێن، بۆیە هیچ فەرمانبەرێکی شایستە بێبەش نابێت.