پارتی سۆسیال دیموکرات ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە کابینەی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەربڕی ئەگەر داوایان لێبکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، “لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا ئامانجی ئێمە خزمەتی خەڵک بووە زیاتر لەوەی بەدوای دەنگێکدا بگەڕێین. نەمانی بۆشایی یاسایی و بەهێزکردنی قەوارەکەمان لاگرنگترین بووە”.
لەبارەی بەشداربوونیان لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرهاد تۆفیق وتی: “گرنگە حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز پێکبهێندرێت. پێشنیازی شوێنێک لە حکومەتی داهاتوو بۆ ئێمە بکرێت کە بزانین لەو شوێنەوە دەتوانین خزمەتی خەڵک بکەین، ئەوە لە حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان بەشداری دەکەین”.
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتی محەمەد حاجی مەحمود لە چوارچێوەی هاوپەیامنی کوردستاندا بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کرد کە کە حیزبی شیوعی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانیش لەخۆدەگرێت و کورسییەکیان بەدەستهێنا کە کاندیدی پارتی سۆسیالیستە.