ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان پێیوایە حزبەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بە ناچاریی دەچنە هەڵبژاردنەوە بەرامەبر ئەو دوو حزبە، چونکە ڕکابەرییەکە نابەرامبەرە و جگە لەوەش هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکە نییە.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەربارەی هەڵبژاردنەکەی 20ی مانگی ڕابردوو بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، بەداخەوە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ئەنجامەکانی لەئاست چاوەڕوانی نەبوو، ئەوەی ڕوویدا ناسروشتی بوو، چونکە چاوەڕێ دەکرا، دوای ٣٢ساڵ لە شکستی حکومڕانی و نەبوونی مووچە و خزمەتگوزاری دوو حزبی دەسەڵات لانی کەم دەستهەڵگرن لە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە فشارکردن لەسەر خەڵک بۆ دەنگدانەوە پێییان.
پێیوایە “ئێستاش ئەو لایەنانەی ناڕازین لەو ئەنجامە دەکاتە ٣٢ کورسی ئەگەر بکرایە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بونایە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەنجامەکان یا هەر هەڵوێستێک بەدڵنیایی کاریگەرییەکە زیاتر دەبوو”.
سەبارەت بە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت: “خۆ ئەگەر نەیانتوانی ببنە یەک لیست بۆ هەڵبژاردن، ئێستا دوای هەڵبژاردن دەتوانن ببنە یەک کوتلە ٣٢ کورسییەکە پێکەوە کوتلەیەکی گەورەی ئۆپۆزسیۆن پێکبهێنن هاوشێوەی ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهات، ئەگەر نەبنە یەک کوتلە هەر بەم پەرتەوازیی و یەکترنەخوێندنەوە و ماڵ جیاییە بمێننەوە من پێموانیە ئەمجارەش ئۆپۆزسیۆن بتوانێت شتی گەورە بکات”.
دەربارەی بڕیارەکەی کۆمەڵی دادگەری بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمان، ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت: “دەستخۆشی لە کۆمەڵی دادگەری دەکەم بەڕای من بڕیارێکی باشیان داوە بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمان، من ئەگەر خۆم کاندید بومایە وە دەریش بچوومایە بۆچوونم وابوو ئێمەش وەک یەکگرتوو بایکۆتی پەرلەمان بکەین، ئەم بڕیارەشم لەسەر بنەمای ئەوە دەدا کە ئێمە دەڵێیین ساختەکاری کراوە، ناکرێت هەر مینجە مینجمان هەبێت، چونکە مەعقول نیە دوای ٣٢ ساڵ هەمان فۆرم و کورد وتەنی تاس و حەمام بێت، ئەو دوو حزبە بەڵا نەما بەسەر ئەو میللەتە نەیهێنن کەچی هێشتا هەر یەکەم و دووەم بن! مانایان نەهێشت بۆ پڕۆسەی دیموکراتی، خۆ لە وڵاتانی دەرەوە خەڵک وەک ئێرە کێشەی نیە، دەستور و یاسا هەیە، خزمەتگوزاری و موچوە هەیە کەچی هەر چوار ساڵ جارێک ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەکرێت، کەچی لە کوردستان دوای ٣٢ ساڵ هەمان شتە”.
وتیشی: “ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، بەڕاستی زۆر قورسە تۆ بە خەڵک بڵێی جارێکی تر وەرەوە سەر سندوقی دەنگدان، خەڵک وای لێهاتووە بڵێ پەنجا ساڵی تریش بە هەڵبژاردن هیچ ناگۆڕێ هەر پارتی و یەکێتی لەدەسەڵات دەبن”.
ئەبوبەکر هەڵەدنی ڕاشیگەیاند، “بەڕاستی زۆر نابەرامبەرە حزبەکانی تر کاتێک لەگەڵ ئەو دوو حزبە کە پارە و دەسەڵات و هێزیان لەبەردەستە دەچنە هەڵبژاردن، بەڵام بەیەکگرتووی ئیسلامیشەوە بە ناچاری دەچنە هەڵبژاردنەوە، بەڵام ڕێگای تر نیە، چونکە ڕێگای تر بگریتەبەر سووریا و لوبنانێکی تر دروست دەبێت، دەبوو ئەو دوو حزبە وازیان لە فشار و ساختەکاری بهێنایە بە ٤٠ کورسی بۆ هەردووکیان بە دەنگی ڕاستەقینەی خۆیان ڕازیبونایە تا لەگەڵ لایەنەکانی تر حکومەتێکی بنکە فراوان بۆ ئەم قۆناغە پێکبهێنایە هەتاهەموو لایەک بەرپرسیارێتییان هەڵبگرتایە”.