ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران، عەلی خامنەیی وێڕای داننان بەوەی كە كێشەی ئابووری وڵاتەكەیدا هەیە، خۆپیشاندانەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی بە “خیانەت” ناوبرد.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فەرمی ئێران، عەلی خامنەیی لەمیانی گوتارێكدا كە بەبۆنەی “رۆژی یاخیبوونی (٩ی كانوونی دووەم)” لە میانی رێوڕەسمێكدا پێشكەشی كرد، لەبارەی خۆپیشاندانەكانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی دوا كە ماوەی چوار مانگە لە ئێران بەشێوەی پچڕ پچڕ درێژەیان هەیە.
خامنەیی جارێكی دیكە بانگەشەی ئەوەی كرد كە خۆپیشاندانەكان لەلایەن هێزە دەرەكییەكانەوە پشتیوانیی دەكرێن و جەختی لكردەوە كە دوژمنانی وڵاتەكەی لەرێگەی خۆپیشاندانەكانەوە ناتوانن بگەنە ئامانج و دەسەڵات لە ناوخۆی وڵات و لەسەر ئاستی ناوچەكەش پارێزگاریی لە هێزی خۆی كردووە.
راشیگەیاند: “دوژمن دەستی لە یاخیبوونەكاندا هەیە. هەندێكیان (پێمان) دەڵێن ‘رووداوەكان تاوانی ئێوەن، بەڵام ئەمە راست نییە”.
رێبەری باڵای شۆڕشی ئێران سەرنجی بۆ روونكردنەوەكانی ئەمریكا و ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەورووپا لەبارەی پشتیوانییكردن لە خۆپیشاندەران راكێشا و رایگەیاند: “گرنگترین ئامرازی دوژمن لە یاخیبوونەكاندا ئەو پڕوپاگەندەیە بوو كە لە رێگەی میدیای خۆرئاوایی، عەرەبی، عیبری و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئەنجامدرا. بەدڵنیاییەوە گومان لەوەدا نییە لە وڵاتدا كێشەی ئابووری و بژێوی هەیە، بەڵام ئەم كێشەیە بە سووتاندنی تەنەكەی خۆڵ، یاخیبوون لە شەقامەكاندا چارەسەر دەكرێت؟ بێگومان ئەم كردەوانە خیانەتن و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان بەشێوەیەكی جددی و دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ خیانەتدا دەكەن”.
عەلی خامنەیی راشیگەیاند: “هەندێك كەس بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە یاخیبووان دژی لاوازی ئیداری و بێتوانایی ئابووری وڵاتن، بەڵام بە پێچەوانەوە ئامانجی ئەوان نەهێشتنی لاوازییەكان نەبوو، بەڵكو لە ناوبردنی لایەنە بەهێزەكانی وڵات بوو، وەك ئاسایش”.
خامنەیی ئاماژەی بەوەدا ئێران پێویستی بە كاری گەورە و گۆڕانكاری لە بوارە جۆراوجۆرەكانی وەك ئابووریی، كولتووریی، ئاسایش و زانستدا هەیە.
لە شاری قوم لە ٩ی كانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٨دا راپەڕینی جەماوەری لە دژی دەسەڵاتی شا محەمەد رەزا پەهلەوی لە ئێران دەستی پێكرد و راپەڕینەكە ساڵانە یاد دەكرێتەوە.
رۆژی ١٣ی ئەیلوول دوای دەستگیركردنی لەلایەن پۆلیسی ئیرشادی تارانەوە بە پاساوی “پابەند نەبوون بە یاساكانی باڵاپۆشی”، ژینا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵان رەوشی تەندروستیی تێكچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.
رۆژی ١٦ی ئەیلوول ئەمینی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و مەرگی ئەمینی بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە زۆربەی شارەكانی ئێران دژی دەسەڵاتی وڵاتەكە.
سەدان خۆپیشاندەر لە خۆپیشاندانەكاندا گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٠ هەزار كەسیشیان لێ دەستگیركرا.
لەكاتێكدا دەیان خۆپیشاندەر بە تاوانەكانی “خراپەكاری لەسەر زەوی”، “دەستكردن بە جەنگ دژی دەوڵەت” دادگایی دەكرێن و داوای سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەكرێت، تا ئێستا سزای لەسێدارەدان كە بەسەر چوار خۆپیشاندەردا سەپێنرابوو، جێبەجێكراوە.