سەرۆکی ئەمریکا شێوازی ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکانی لە کۆشکی سپی بۆ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئاشکراکرد و دەڵێت” ئەمریکامان بۆ باشتر گۆڕی و ڕێگای بەردەممان ڕوونە”.
جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەیەکەم دەرکەوتنیدا دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمریکا و بردنەوەی سەرۆکی پێشوو دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وتی، پێویستە گرژییە سیاسییە نێوخۆییەکان کەمبکەینەوە، ئێمە ڕێز لە هەڵبژاردەی گەلی ئەمریکا دەگرین و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەوانداین، چونکە ئەمە ئەمریکایە کە 200 ساڵە وەک دیموکراتیترین وڵاتی جیهان باڵادەستە.
بایدن لە وتارەکەیدا ماوەی سەرۆکایەتی خۆی بە مێژوویی ناوبرد و وتی”ئەمریکامان بۆ باشتر گۆڕی و ڕێگای بەردەممان ڕوونە، ئابووریمان بەهێزە و دۆخەکەش لە گۆڕاندایە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دیموکراتەکان شەڕێکیان دۆڕاند، ڕاستە ئێمە کەوتین بەڵام بەهێز دەبین و متمانەی خۆی بە توانای سەرهەڵدانەوەیان دەردەبڕێت”.
بایدن جەختیشیکردەوە، گرژییە سیاسییەکان لە ئەمریکا دەبێت کەمبکرێنەوە، هەروەها گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە وڵاتەکەماندا لە 20ی 1دا دەبێت، و لە ئێستاوە تەواوی پشتیوانی خۆم بۆ سەرۆک ترەمپ دەردەبڕم و بە هەموو توانای تیمەکەمەوە هاوکار و پشتیوانی دەبین بۆ خزمەتکردنی زیاتری وڵاتەکەمان.
جێی باسە ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەسەر کامالا هاریس سەرکەوت، ئەمەش دووەم جارە ترەمپ لە بەربژێرێکی ژن دەباتەوە دوای ئەوەی لە خولی سەرۆکایەتی پێشوودا لە هیلاری کلنتنی بردەوە.