ڕۆژی چوارشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2024 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هیتچن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، باڵیۆزی بەیتانیا لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنی 20ـی ئۆكتۆبەر و ڕێژەی بەرزی بەشداریی خەڵك لە دەنگدان و بەڕێوەچوونی لە كەشێكی ئارامدا لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی كرد.
هاوکات مەسعود بارزانیش سوپاسی گەلی كوردستانی كرد كە بەم ڕێژە بەرزە بەشداریی هەڵبژاردنیان كردووە.
بەپێی بڵاوکراوەکەی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و دانوساندنەكانی پەیوەست بە پێكهاتە و ئەجێندای حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان باسکراوە، لەمبارەیەوە مەسعود بارزانی جەختی لەوە كردەۆتەوە، كە پارتی بۆ پێكهێنانی حكوومەت ڤیتۆی لەسەر كەس نیە و پێویستە گفتوگۆكان لە چوارچێوەی یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكوومەت و یەك هێزی پێشمەرگەدا بێت.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا و كاریگەریی لەسەر هاوكێشەكانی جیهان و ناوچەكە و هەروەها بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.