بە سەركەوتنی ترەمپ شەڕی ئۆكراینا كۆتایی دێت؟



دوای ئەوەی لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، “كۆتایی بە جەنگ لە ئۆكراینا دەهێنم” لە ئێستادا ئەو سەركەوتنی بۆ سەرۆكی ئەمریكا بەدەستهێنا بەپێی ئەنجامی بەرایی دەنگدان و هەریەكە لە بەرپرسانی ڕوسیا و ئۆكراینا-ش پەیامیان لەسەر سەركەوتنەكەی ڕاگەیاند و ڕوسیا پێی وایە “سەركەوتنی ترەمپ هەواڵێكی ناخۆشە بۆ كیێف” و زیلینسكی-ش دەڵێت: “هیوادارین ئاشتییەكی دادپەروەرانە بەرپا بكات”.

دوێنێ‌ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ئەمریكا دەستی پێكرد، كە كێبڕكێی توند لەنێوان دۆناڵد ترەمپ (كاندیدی كۆماری) و كامالا هاریس (كاندیدی دیموكرات) بوو، ئەمڕۆش ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان ڕاگەیەنرا، كە ترەمپ 277 خاڵ و هاریس 244 خاڵی بەدەستهێنا و بەوەش ترەمپ بووە سەرۆكی ئەمریكا.

ڤلۆدۆمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراینا لە پەیامێكدا لە تۆڕی (x) ڕایگەیاند، “من پابەندبوونی سەرۆک ترەمپ بە نزیکبوونەوەی ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە بۆ کاروباری جیهانی بەرز دەنرخێنم. ئەمەش ڕێک ئەو پرەنسیپەیە کە دەتوانێت ئۆکراینا لە ئاشتییەکی دادپەروەرانە نزیک بکاتەوە”.

لای خۆشیەوە، دیمیتری مێدڤێدێڤ، سەرۆک کۆماری پێشووی ڕوسیا ڕایگەیاند، ڕەنگە سەرکەوتنی ترەمپ هەواڵێکی ناخۆش بێت بۆ ئۆکراینا و وتیشی، “هێشتا ڕوون نییە ترەمپ تا چەند پارەی ئەمریکا بۆ شەڕەکە کەمدەکاتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، “ترەمپ سیفەتێکی بەسوود بۆ ئێمە هەیە: وەک بازرگانێک تا ناوەڕۆک، زۆر ڕقی لە خەرجکردنی پارەیە بۆ فێڵبازەکان، هاوپەیمانە گەمژەکان، پڕۆژەی خێرخوازی بێکاریگەر و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تەماحکارەکان”.

هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا پەیامێكی بەبۆنەی سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆكی ئەمریكا بڵاوكردەوە و تیایدا ڕایگەیاند، “مۆسکۆ لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا کاردەکات”.

جەخت لەوەشکراوەتەوە، کە مۆسکۆ لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریكا کاردەکات و بە توندی بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ڕوسیا دەکات و تیشک دەخاتە سەر بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت و مەرجەکانی نەگۆڕاوە و واشنتۆن بە باشی دەزانن.

جەشڵێت: ڕوسیا هیچ وەهمێکی نییە سەبارەت بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، کە لە ڕوسیا ناسراوە و پێکهاتە نوێیەکەی کۆنگرێس، کە کۆمارییەکان بوونەتە دەستی سەرەوە لە نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار لە ئەمریکا، لە کاتێکدا نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار لە ئەمریکا بەبێ گوێدانە پەیوەندییە حزبییەکانیان، پابەندە بە هەڵوێستی دژە ڕوسیا و هێڵی “مۆسکۆ لەخۆبگرێت”.

لای خۆیەوە، ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، دەبێت بە هەنگاوی کۆنکرێتی پاڵپشتی لێدوانەکانی ترەمپ سەبارەت بە پێویستی کۆتاییهێنان بە ململانێکان بکرێت و دەڵێت: “ئەم تێزانە دەبێت ڕێوشوێنی کۆنکرێتی پەیڕەو بکرێن، کە ڕێنمایی هەمووان بکات”.

هەروەها، دیمیتری پیسکۆڤ، وتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوسیا ڕایگەیاند، “ڕەنگە دۆناڵد ترەمپ تۆنی لێدوانەکانی سەبارەت بە ئاشتی بگۆڕێت، دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و کاتێک دەچێتە ناو کۆشکی سپی”.

سه بارەت به ڕۆڵی ئەمریکا له ململانێی ئۆکرانیادا، پێسکۆڤ جەختی کردەوه، که ترەمپ سوتەمەنی بۆ ئاگری ئەم ململانێیه زیاد دەکات و وای لێدەکات زیاتر دوکەڵەکه ی لێبکەوێتەوه، سەڕەڕای توانای به شداریکردنی له کوژاندنەوەی.

لە هەمان كاتدا، دیمیتری مێدڤێدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا ڕایگەیاندووە، ترەمپ بە توندی ڕقی لە خەرجکردنی پارەیە بۆ “مشەخۆرەکان”، و ئۆکرانیا یەکێکە لەوانە و وتیشی: “ترەمپ یەک سوودی گرنگی هەیە، بەو پێیەی کە بازرگانێکە بۆیە بە توندی ڕقی لە خەرجکردنی پارەیە بۆ ئەوانەی پەیوەندییان بە (گەمژە)ەکانەوە هەیە، پڕۆژەی خێرخوازی خراپ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە تەماحکارەکان”.

ئەنجوومەنی وەزیران کۆبۆوە و وادەیەکی دیاریکرد
پێت ئەنجوومەنی وەزیران کۆبۆوە و وادەیەکی دیاریکرد
عێراق بێتاوانی پەکەکە لە سوتاندنی بازارەکانی هەولێر و کەرکوک ڕادەگەیەنێت
دوات عێراق بێتاوانی پەکەکە لە سوتاندنی بازارەکانی هەولێر و کەرکوک ڕادەگەیەنێت
پەیوەنیدر