نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای خەرجکردنی 284 ملیار دیناری گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، لەگەڵ هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بە دوو نووسراوی جیا، داوایان لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی کرد پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم دواکەوتووەو جوتیاران وا خۆیان بۆ وەرزێکی نوێ ئامادە دەکەن بەڵام تاکو ئێستە بەشێکی پارەی ئەو گەنمەی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە کە ڕادەستی سایلۆکانیان کردووە.
وتیشی: “نووسینگەی سەرۆک وەزیران داوای لە وەزارەتی بازرگانی کردووە کە ئاگاداریان بکات ئەو پارە چەندی ماوە، وەزارەتی بازرگانی ئاماژە بەوە دەکات 284 ملیار دینار ماوە بدرێت بە جوتیارانی هەرێمی کوردستان”.
سۆران عومەر ڕوونیشیکرەوە کە نووسینگەی سەرۆک وەزیران بە نووسراوی ژمارە 3002/2438500 لە 30/10/2024 نووسراو ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ خەرجکردنی پارەکە.