نرخی مریشك دابەزی و خواست لەسەر قەل و قازە



نرخی مریشك لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان ڕووی لە دابەزین كردووە و هۆكارەكەشی دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەوەی، ژمارەیەكی زۆری مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكانەوە خراوەتە بازاڕ و هاوكات هەناردەكردنی بۆ شارەكانی عێراق ڕاگیراوە.

یونس-ی مریشك فرۆش بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، “نرخی مریشك هەرزان بووە و ئەمڕۆ یەك كیلۆ مریشكی زیندوو لەنێوان 2 هەزار و 250 بۆ 2 هەزار و 500 دینار بووە”.

وتیشی، “هۆكاری هەرزان بوونی نرخی مریشك دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، بڕێكی زۆر مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكانەوە خراوەتە بازاڕ و ڕێگاش نییە هەناردەی شارەكانی دیكەی عێراق بكرێت”.

ئاشكراشی كرد، بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا و هاتنی سەرماوە، لە ئێستادا خواستێكی زۆر لەسەر مریشكی سوور و قاز و قەلە، كە مریشكی سوور بە چاككردنەوە نرخی دەگاتە 5 هەزار دینار، بەڵام قەل و قاز گرانن.

بەپێی ئاماری پێشووی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار و 650 پرۆژەی پەلەوەری و دوو هەزار و 800 هۆڵی یاسایی هەن.

لای خۆشیەوە، نازم جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە ڕایگەیاند، ڕێگەنەدان بە هەناردەکردنی مریشک لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ خوارووی عێراق گەورەترین کێشەی خاوەن کێڵگەکانە.

ئاشكراشی كردووە، لەماوەی 6 مانگدا بڕی 80 ملیار دینار زیان بە كەرتی پەلەوەری هەرێمی كوردستان گەیشتووە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 145 هەزار تۆن مریشک هەیە، بەڵام کێڵگە پەلەوەرییەکان توانای بەرهەمهێنانی 400 هەزار تۆنیان هەیە.

لە مانگێكدا زیاتر لە 27 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان كردووە
پێت لە مانگێكدا زیاتر لە 27 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی شاریان كردووە
نرخی پاس بۆ گواستنەوەی خوێندکاران دیاریکرا
دوات نرخی پاس بۆ گواستنەوەی خوێندکاران دیاریکرا
پەیوەندیدر