ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی نیشاندا بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پارەی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی زیادكرد.
سەرچاوەیەك بە (كەناڵ8)ی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ڕازی بووە تێچووی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لە شەش دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار زیاد بکات و هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە.
لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردووەوە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە بەپێی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە و دادگای فیدڕاڵی عێراقیش بڕیاری داوە، كە یاسای نەوت و گازی هەرێم نادەستوورییە و دەبێت هەناردەی نەوت لەڕێگەی (سۆمۆ)وە هەناردە بكرێت.
دوای بەدوای ئەو بڕیارەش، چەند جارێك كۆبوونەوە لەنێوان هەرێم و عێراق و كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێم ئەنجام دراوە، بەڵام كێشە لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت و بڕی تێچووی بەرهەمهێنان بوو، كە لە هەرێم تێچووی بەرهەمهێنان زیاترە بەراورد بە عێراق، ئەوەش بەهۆی جیاوازی شێوازی گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێم لەگەڵ عێراق.