ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و پێشنیارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەربارەی پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتووان پەسەندكرد.
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆتایی هات و تیایدا بڕیار درا بە پەسەندكردنی تێبینی و پێشنیارەكانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم “ناوچە جێنناكۆكەكان”.
پێشنیارەكانی حكومەتی هەرێم، كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی كردووە بریتین لەوەی: “بڕیاری دا، لە سەرژمێریدا خەڵک لەسەر بنەمای ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان تۆمار دەکرێن نەک شوێنی نیشتەجێبوونیان”.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریشی داوە، “لە سەرژمێری کەرکوک، بەپێی سەرژمێریی ساڵی 1957 دانیشتووانی ئەو پارێزگایە تۆمار دەکرێن”.
هەر لە بڕیارەكەدا هاتووە، “حكومەتی هەرێم لە سەنتەری تۆماركردنی داتاكان لە بەغدا ئامادەیی دەبێت”.
لە هەفتەی ڕابردوودا شاندێكی بالای حكومەتی هەرێمی كوردستان چووە بەغدا و لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە و داوایان كرد، “لە سەرژمێری گشتی دانیشتوواندا خەڵكی ناوچەكان لەسەر بنەمای ناوچەی ڕەسەنی خۆیان تۆماربكرێن نەك ئەو ناوچەیەی ئێستا لێی نیشتەجێبوون”.
ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و پێشتریش لە پڕۆسەی تەعریبی ڕژێمی بەعسدا ژمارەیەكی زۆری خەڵكی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان ئاوارە بوون بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان و ئەوەش مەترسی گۆڕانی دیمۆگرافیان و كەم بوونەوەی ڕێژەی دانیشتووانی كورد لەو ناوچانە هەیە.