ئەستێرەی ناوداری بەڕازیلی و باڵی چەپی پێشووی یانەی ڕیاڵ مەدرید لەسەر ڕووداوە مشتوومڕاویەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو پەیامی هەیە و دەڵێت” ڕاستییەکان هەمیشە وەک خۆر دەدەکەون”.
مارسێلۆ، ئەستێرەی پێشووی بەڕازیلی و ڕیاڵ مەدرید، بۆ یەکەمجار لە دوای ئەوەی ئیدارەی فلۆمینێنس گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تییدا سوپاسی هاندەران و خەمخۆرانای دەکات.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاوبوونەوە لە یاری نێوان یانەکەیی و گریمۆر کە بە دوو گۆڵ یەکسانبوون، ڕووداوێکی نەخوازراو و دۆخێکی سەخت ڕووبەڕووی بۆوە، کاتێک لەگەڵ ڕاهێنەر تووشی گرژی بوون و ڕاهێنەرەکە بەپاڵ مارسێلۆی لە یاریگاکە دوورخستەوە.
بەپێی گرتە ڤیدیۆکان، کاتێک مارسێلۆ ئامادەکاری دەکرد بۆ ئەوەی وەک یاریزانێکی یەدەگ بێتە ناو یاریگا، مانۆ مێنێزێس ڕاهێنەرەکەی لێی نزیک بووەوە و سەرەتا بە شێوەیەکی ئارام دەستی خستە سەر شانەکانی و لەگەڵیدا گفتوگۆی دەکرد، بەڵام وا دیار بوو قسەکانی مارسێلۆ دڵی ڕاهێنەرەکەی ڕازینەکرد، بۆیە پاڵی پێواوە و فەرمانی پێکردووە بگەڕێتەوە سەر کورسی یەدەگ و نەچێتە ناو یاریگا، لەبری ئەوە جۆن کێنێدی هەڵبژارد.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوای یارییەکە، مێنێزێس باسی لە ڕووداوەکە کرد و وتی “لەو ساتەدا بڕیار بوو مارسێلۆ بخەمە نێو یارییەکەوە، بەڵام شتێکم بیست کە حەزم لێی نەبوو، بۆیە بیرۆکەکەم گۆڕی جۆن کێنێدیم هەڵبژارد”.
مارسێلۆ دوای نزیکەی ٢٤ کاتژمێر لە لێدوانەکانی ڕاهێنەرەکە وەڵامی دایەوە و لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام جەختی لەوە کردەوە کە “ڕاستییەکان وەک خۆر هەمیشە دەردەکەون”.
مارسێلۆ نووسیویەتی، قۆناغێکی نایاب ژیاوم، نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر بڕیارمدا بگەڕێمەوە بۆ یانەی فلۆمینێنس، بەهۆی پەیوەندییەکی سۆزدارییەوە لەگەڵ یانەکەدا، بەشداریم لە ساتەکانی لەبیرنەکراودا کردووە، وەک بردنەوەی یەکەم نازناوی لیبرتادۆرێسی تیپەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناوم لە یاریگای مارسێلۆ ڤیێرا بەنەمری دەمێنێتەوە، ئەمە ئەوشوێنەیە کە گەنجەکانمان هەموو ڕۆژێک مەشق و ڕاهێنانی تێدا دەکەن، دەمەوێت سوپاسی هاوسەر و منداڵەکانم بکەم کە هەمیشە لەپێناو مندا بوون.