کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران، ماڵئاوایی لە پارێزگاری هەولێر کرد و پارێزگاریش ئومێدەوارە کونسوڵی داهاتوو کار بۆ پتەوترکردنی پەیوەندی دۆستانەی هەردوولا بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پێشوازى لە نەسڕوڵڵا ڕەشنودی، سەرکونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کرد کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی و ماڵئاوییکردن سەردانی دیوانی پارێزگای هەولێری کردبوو.
ڕەشنودی ڕایگەیاند، کۆتایی بە کارەکانی هاتووە لە هەولێر وەکو کونسوڵ و حکومەتی وڵاتەکەیلە شوێنی ئەو کونسوڵێکی تازەى دەستنیشانکردووە و لەمنزیکانە دەست بەکاردەبێت.
لای خۆشیەوە ئومێد خۆشناو ڕۆڵى ڕەشنودی بەرزنرخاند لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگاى هەولێر و ورمێ و بەهێزکردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانى لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران – تەمەرچین.
پارێزگاری هەولێر ئومێدی خواست لە داهاتوودا لەگەڵ کونسوڵى نوێى ئێراندا هەمان پەیوەندی و دۆستایەتیان هەبێت لە پێناو تۆکمەترکردنى ئهو دۆستایەتیە و گەشەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران.
جێی سەرنجە پارێزگاری هەولێر لە دیدارەکەدا تابلۆیەکی لە نێوان خۆی و کونسوڵی ئێران دانابوو کە ئاماژە بەو هێرشە مووشەکییەی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات کە سەرەتای ئەمساڵ ئەنجامدرا و بە هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی بوونەقوربانی.