شەپۆلی بارانبارین كە زۆربەی ناوچەكانی عیراقی گرتۆتەوە، تا نیوەڕۆی سبەینێ سێ شەممە بەردەوام دەبێت.
سادق عەتیە، كەشناسی عیراقی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە:”شارەكانی وڵات كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی هەواوە و لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بارێكی ناجێگیر بەخۆوەدەبینن، بارانبارینیش بەپێی پێشبینییەكان، تا نیوەڕۆی سبەینێ سێ شەممە بەردەوام دەبێت”.
بە وتەی سادق عەتیە:”شارەكانی زیقار و بەسرە و سەماوە و بادیەی باشوور و دیوانیە و باشووری میسان، زۆرترین ڕێژەی بارانیان تێدا دەبارێت لەماوەی كاتژمێرەكانی داهاتوو و بەرەبەیانی سبەینێ سێ شەممە”.
ئەو كەشناسە عیراقیە دەڵێت:”شارەكانی باكوور (نەینەوا و دهۆك و هەولێر و كەركوك)، كەمترین ڕێژەی بارانیان تێدا باریوە، پاشان سەڵاحەدین و دیالە و هەندێك ناوچەی ئەنبار”، هۆشداریش دەدات لە سەفەركردن بەشەو بەهۆی خراپی باری كەشوهەوا و كەمبوونەوەی ئاستی بینین لە هەندێك ناوچەدا.