بەهۆی ئەو شەپۆلە بەهێزەی باران بارین، كە لە دوێنێوە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، لە ناوچەكانی گەرمیان پەڵەی دا.
سیروان ساڵح، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ناوچەکانی گەرمیان لەم شەپۆلە لە نێوان 50 بۆ 75 ملم باران باریوە، بەم پێیە لە هەموو ناوچەکانی گەرمیان پەڵەی تەواوەتی داوە، چونکە شوێن نییە 50 ملم کەمتری لێ باریبێت.
جەختیشی كردەوە، دڵنیام لەزۆربەی ناوچە کوێستانییەکانیش پەڵەی داوە.
ڕاشیگەیاند، لەم تاوە بارانەی ئەمشەویش بۆ ماوەیەکی کورتخایەن ئەگەری تەرزە هەیە بۆ بەشێکی دەشتی کەلار و ڕزگاری و بەشێکی گەرمیان بۆیە پێویستە بەپەلە ئۆتۆمبیلەکانتان داپۆشن.
ئاماژەی بەوەشكرد، پاش ئەم تاوە بۆماوەی چەند کاتژمێرێک کەش جێگیر دەبێتەوە، ئەمشەو چەند تاوێکی باران هەیە، سبەینێ دوو شەممە له ناوچە شاخاوییەکان و باکووری گەرمیان لە نێوان کاتەکانی نیوەڕۆ تا مەغریب ئەگەری چەند تاوێکی باران و هەورەبروسکەی ناوخۆیی هەیە، ناوچەکانی تر ئاسمان ساماڵ بۆ نیمچەهەور دەبێت.