سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، کوردانی فەیلی هێمای فیداکاری و کوردپەروەرین و نموونەیەکی دیاری ئەو ستەم و چەوساندنەوەین، کە لەدژی گەلی کورد ئەنجام دراوە.
بارەگای بارزانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەک شەممە 3ی تشرینی دووەمی 2024 لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی و نوێنەرانی کۆمەڵە و ڕێکخراوی کوردانی فەیلی کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، شاندی میوان کورتەیەکیان لە کێشە و گیروگرفتەکانیان و بابەتی بێبەشبوونی ژمارەیەکی زۆری کوردانی فەیلی لە ماف و ناسنامە و ئاسەواری ئازاردان و ڕاگواستنیان و دەرئەنجامەکانی سیاسەتی شۆڤینی بۆ بارزانی خستەڕوو، کە لەسەر دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق لەدژی کوردانی فەیلی پیادە کراوە و هەتا ئەمڕۆش بەشێک لەم کێشانە هەر بەردەوامن.
لای خۆشیەوە، بارزانی ڕایگەیاندووە، کوردانی فەیلی هێمای فیداکاری و کوردپەروەرین و نموونەیەکی دیاری ئەو ستەم و چەوساندنەوەین، کە لەدژی گەلی کورد ئەنجام دراوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، کوردانی فەیلی بەهۆی ناسنامەی نەتەوەییان تووشی زوڵم و دەربەدەریی و ئاوارەیی بوون.
بارزانی ئەوەشی دووپاتکردەوە، ئەوەی لە توانایدا بێت بۆ پاڵپشتیکردن و جێگیرکردنی تەواوی ماف و داواکاریبەکانی کوردانی فەیلی ئەنجامی دەدات.