ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی هەرێم بەراورد بە عێراق كەم دەبێتەوە



 

دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان مەترسییەكانی كەمی ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی هەرێم بەرامبەر بە ناوچەكانی دیكەی عێراق ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، “ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی باشووری کوردستان، ٠.٠٢% کەمترە بە بەراورد بە ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی عێراق” كە ئەمەش نەك مەترسییە لەسەر كەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم، بەڵكو مەترسی بۆ سەر كورسی كورد لە پەرلەمانی عێراق و پشكی كورد لە بودجە دەبێت.

دامەزراوەی ستراتیژی نیشتمان لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، کۆی دانیشتووانی باشووری کوردستان ١.٥ ملیۆن كەس زیادی کردووە، لە کاتێکدا کۆی دانیشتووانی عێراق (بە بێ باشووری کوردستان) ٩.٧ ملیۆن زیادی کردووە.

بە پێی ئەو خەمڵاندنانە، لە ساڵی ٢٠٥٤ دا، ژمارەی دانیشتووانی عێراق (بەبێ باشووری کوردستان) دەبێتە ٧٧ ملیۆن كەس لە کۆی ٨٩ ملیۆن و دانیشتووانی باشووری کوردستانیش دەبێتە ١١ ملیۆن كەس.

دامەزراوەكە بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرژمێری ساڵی ١٩٨٧ بۆ هەموو عێراق بە كوردستانیشەوە، ڕێژەی دانیشتووانی باشووری کوردستان لە کۆی دانیشتووانی عێراق بڵاوكردۆتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ ساڵی ٢٠٥٤، دانیشتووانی باشووری کوردستان تەنها ١٢% کۆی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن، کە ئەمەش کەمبوونەوەیەکی بەرچاوە.

ڕوونیشی كردۆتەوە، ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی باشووری کوردستان لە داکشانێکی بەردەوامدایە بەرانبەر بە گەشەی دانیشتووانی عێراق – کە لە هەڵکشانێکی بەردەوامدایە. بۆیە پێویستییەکی بنەڕەتییە، کە حکومەتی هەرێم ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی باشووری کوردستان.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەم خەمڵاندنانە لەسەر بنەمای دوایین سەرژمێری نەتەوە یەكگرتووەكانە بۆ ڕێژەی دانیشتوانی عێراق، كە لە ساڵی ١٩٨٧ەوە سەرژمێری تێکڕای دانیشتوانی نەکردووە.

پێشتر، سیروان محەممەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاندبوو، ماوەی ٢٦ ساڵە سەرژمێری لە عێراق ئەنجام نەدراوە، دەشڵێت: “ڕێژەی گەشەی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە عێراق كەمترە، عێراق ساڵانە ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی ٢.٥% یە و ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی هەرێم ساڵانە ٠.٢% یە.

بەپێی پێشبینییەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان بێت، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان تا ساڵی ٢٠٤٠ دەگاتە ٨ملیۆن و ٨٠٠ هەزار كەس.

ئەمە لەكاتێكدایە، سەرژمێری داهاتوو بڕیارە لە ٢٠ مانگی ١١ ی ٢٠٢٤ بەرێوەبچێ لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی كوردستان و لە ئێستاشدا حكومەتی هەرێم لە هەماهەنگی بەردەوامدایە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بۆ ڕەواندنەوەی ئەو مەترسیانەی كورد لەسەر ئەو سەرژمێرییە هەیەتی بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم “ناوچە جێناكۆكەكان” بەتایبەت، كە لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆری خەڵكی كوردی ئەو ناوچانە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون و داوا دەكرێت لە كاتی سەرژمێریدا ئەو هاووڵاتیانە لەچوارچێوەی ناوچەكانی خۆیان تۆماربكرێن نەك ئەو شوێنەی ئێستا لێی نیشتەجێن.

لە بودجەی گشتی عێراقدا پشكی هەرێمی كوردستان بە ١٢.٦٧% دیاری كراوە و بەپێیی ئەو جۆرە خەمڵاندنانەش، ئەگەر لە داهاتوودا ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی هەرێم كەم بكات، ئەوا مەترسی لەسەر كەم بوونەوەی پشكی بودجەی هەرێم لە بودجەی عێراق دروست دەبێت.

جۆرێكی “باش”ی برنج لە بەشەخۆراك دابەشدەكرێت
پێت جۆرێكی “باش”ی برنج لە بەشەخۆراك دابەشدەكرێت
وەزیری دارایی لەگەڵ نوێنەری کارگەکانی ئاسن لەهەرێمی کوردستان کۆبووەوە
دوات وەزیری دارایی لەگەڵ نوێنەری کارگەکانی ئاسن لەهەرێمی کوردستان کۆبووەوە
پەیوەنیدر