ئەمڕۆ یەکشەممە دوایین وادەی تانە دانە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ڕایدەگەیێنێت، لە ماوەی هەفتەیەکدا تانەکان یەکلایی دەکرێنەوە.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەوامی فەرمیی کۆمیسیۆن، دەرگای وەرگرتنی تانەکان دادەخرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، “تا ئێستا سێ تانە لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تۆمارکراون، کە دوان لەو سێ تانەیە لە نووسینگەی پارێزگای دهۆک و ئەوی دیکەشیان لە نووسینگەی سلێمانی تۆمارکراون، بەڵام لە هەولێر هیچ تانەیەک تۆمار نەکراوە.”
لەبارەی کاتی یەکلاییکردنەوەی تانەکان، وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، “دەستەی دادوەریی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە ماوەی حەوت رۆژدا سەرجەم تانە تۆمارکراوەکان یەکلادەکاتەوە و، دواتر کۆمیسیۆن ئەنجامی تانەکان رادەگەیەنێت”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە 20ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، ڕۆژی 31ـی مانگی رابردووش، دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە.